٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنە سیاسییەکان 09ـی مانگه‌ لای نێچیرڤان بارزانی بە بەشداری پلاسخارت کۆدەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، 09ـی ئەم مانگە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری نێردەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆدەبنەوە.

د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە "ئەگەر ئیرادەیەکی باش لای هەموو لایەنەکان هەبێت، ئێمە وەکو سەرۆکایەتی پەرلەمان سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن."

ئاشکراشی کرد کە 09ـی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری جینین پلاسخارت نێردەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆدەبنەوە، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی باش هەبێت، بتوانین بەپەلە هەر هەموارەێک پێویست بکات کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە پێمانوایە دەکرێت لە 01ـی 10 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەگەر نەشتوانرا لەڕووی تەکنیکییەوە لە 01ـی 10 بێت ئەوا دەکرێ قسەی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لە نزیکترین کات ئەنجام بدرێت.

د. هێمن هەورامی داواشی کرد کە ئێستا با هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن. هەروەها گوتی کە دواکەوتنی هەڵبژاردن دیاردەیەکی گونجاو نییە بۆ ناوبانگ و پڕۆسەی سیاسیی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا کە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبێت بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار