٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبوار بابکەیی: "پێویستە زیاتر یوئێن بھێنینە سەر ھێڵ...بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی سیاسین"

سەرچاوە: KDP.info

لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەموو ڕۆژانی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی UN لە پارێزگاریی پێگەی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتییان لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا) پێشکەش کرد.

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوە دا کە یەکێك لە کار و بەرپرسیارییەتییە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چاپتەرەکانی ٦ و ٧ی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە، پاراستنی ئەمن و ئاسایشی جیهان و یەکلاییکردنەوەی ملمانێکانە و گوتیشی: ''لە چاپتەری ١٣ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەو هەرێمانە دەدات کە خاوەن پێگەی ئۆتۆنۆمین و ئەو چاپتەرە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە لایەنی بەرپرسیار ناو دەبات بۆ ڕێگەگرتن لە حکوومەتی ئەو وڵاتانەی کە هەرێمەکان بەشێكن لێیان، کاتێك ئەو حکوومەتانە ڕێگری لە پێشڤەچوونی ئابووری و گەشەسەندنی ئەو هەرێمانە دەکەن لە هەموو ڕووەکانەوە و دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی هەرێمەکان.''

گوتیشی: "لە دیباچەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە گەل و نەتەوەکان دەکات، بەو پێیەی کە ئەو دامەزراوەیە تەنها بۆ وڵاتە خاوەن سەروەرییەکان نییە و لە چاپتەرەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئەو گەل و نەتەوانەی کە خاوەن وڵات نین دەخاتە ئەستۆی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە و دەبێت ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەك بکات کە لەلایەن حکوومەتەکانەوە بۆ سەر گەل و نەتەوە و هەرێمەکان دروست دەبێت. دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە قەتڵوعامی ڕژێمی بەعس باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەو بابەتە.''

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە درێغی لە بنەما بنەڕەتییەکانی کارکردنی یوئێن لە عێراقدا هەیە لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان لەو وڵاتەدا و بەتایبەتییش ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە کێشە و هەڕەشەکانی عێراقی فیدراڵ بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گوتیشی: "بەداخەوە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری خۆی لە عێراقدا جێبەجێ نەکردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و لەجیاتی ئەوەی چاپتەرەکانی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا جێبەجێ بکات، تەنها ڕۆڵی ئامۆژگاری، چاودێری و هاندانی بینیوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ''نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەرتر ببینێت لە پاراستن و بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە هەڕەشەکانی بەغدا و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەردوولا.''

هەر لە درێژەی بابەتەکەیدا گوتی: ''پێویستە پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ UN دروست بکەین و پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر بکەین لەگەڵیدا بۆ ئەوەی ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێزی زیاترەوە بێتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتییش پرسی ماددەی ١٤٠ و بابەتی وزەی هەرێمی کوردستان کە ئیستا بەغدا لە هەموو ڕێگاکانەوە لە هەوڵی نانەوەی تەنگ و چەڵەمەیە بۆ گەشەدان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتییش بواری وزە.''

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوەش دا کە ''بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق سیاسین و پرسی نەوت و گاز پرسێکی دەستووری و یاسایییە و دەبێت یاسایییانە چارەسەر بکرێت و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێرباری بڕیارەکانی ئەو دادگایە.''

هاوکات جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ''پێویستە بەتایبەتی لەسەر هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان پێک هێناوە بە یەکەوە کار بکەین و یەکدەنگ بین بۆ زیاترکردنی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و کێشە ناوخۆیییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و هۆکاری ناوخۆ لەبار بکەین و سیاسەتێکی هاوبەشمان هەبێت لەمەڕ هەموو ئاڵنگارییەکان، بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت باشتر پشتگیری لە پرسە ڕەواکانمان بکات.''

 

هەواڵی پەیوەندیدار