"رێگری لە دروستکردنی ئەم لیژنەیە دەکەین"
__2022_06_02_h17m20s25__HK.jpg)
کەرکووک -KDP.info- جێگری سەروکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان گوتی، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک خەریکە لیژنەیەک لە کەسانی شۆڤێنی دروست دەکات بەبێ کورد، بۆ ئەوەی کار بکەن بەناوی ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و کێشەی زەویوزار چارەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە بەوە ڕازی نین و ھەوڵ دەدەین ڕێگریی لێ بکرێت، چونکە پارێزگار دەیەوێت بەو کارە شەرعیەت بە خۆی بدات.
دیاری حوسێن، جێگری سەروکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دۆخی کەرکووک خراپە و لە دوو شوێن گەنمی جووتیاران سووتێندراوە و لە ھەندێک شوێن ڕێگە نادرێت دروێنە بکرێت و ئامێری دروێنە بچێتە سەر زەوییەکان بە بیانووی ئەوەی موڵکی کورد نییە، بەتایبەت لە سنووری سەرگەڕان و ناوچەی کاکەییەکان و سنووری دووزخورماتوو، بۆیە تەعریب بەردەوامە بە ھاوکاریی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک.''
دیاری حوسێن گوتیشی: ''ئێستا ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری کەرکووک خەریکە لیژنەیەک دروست دەکەن و خەڵکانێک دادەنێن کە کوردی تێدا نەبێت، گوایە ئەو لیژنەیە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە و کار بۆ ئەو مەبەستە دەکەن کە کێشەی زەویوزار چارەسەر بکەن، بەڵام خەڵکێکی شۆڤێنییان داناوە و ئێمە بەو کارە ڕازی نین و نابێت بەبێ کورد ھیچ ھەنگاوێک بنرێت.''
حوسێن باسی لەوەش کرد: ''ڕاکان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک ئەو کارە جێبەجێ دەکات کە خۆی شەرعیەتی نییە و دەیەوێت ھەندێک بڕیار و ڕاسپاردە دەربکات بۆ ئەوەی شەرعیەت بە خۆی بدات و ھەندێک کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بکەن، چونکە ئەوە نایاساییە و ئێمەش پێی ڕازی نین و ھەوڵ دەدەین ڕێگریی لێ بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




