"تا سێ ساڵی داھاتوو سەد ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێن"

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاشکرای کرد، ھەموو ئەو پڕۆژانەی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ ئەوانەی ئێستا دروست دەکرێن و تا ساڵی داھاتوو سەد ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێن.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕابردوو دەستیان پێ کردبوو، ئێستاش کارکردن تێیاندا بەردەوامە و ژمارەیەکیش ھی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵن کە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، ئەگەر ئەمانە ھەموویان کۆتاییان بێت و دروست بکرێن، ئەوە سێ ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان ٨٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دەبێت.''
ئەو بەرپرسەی وەبەرھێنان گوتیشی: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کرێچی و ھەژار دروست دەکرێن، بەوە ژمارەیان بەرز دەبێتەوە بۆ سەد ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون.''
د. ھەڤال سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە گوێرەی ئەو مۆڵەتانەی وەرگیراون لە بواری وەبەرھێنان، بەرھەمی پڕۆژەکان دێتە دی و بەشێکی زۆری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردنن و لەدوای کۆتاییھاتنی ئەو پڕۆژانەی ئاماژەم بۆ کرد، ڕێژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی وەبەرھێنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.''
قائید میرۆ




