"بڕیارە زیاتر لە ٤٠ پڕۆژەی دیکە لە قەزای ئامێدی جێبەجێ بکرێن"

ئامێدی -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئامێدی دەخاتە بواری جێبەجێکردن و قایمقامی ئامێدییش دەڵێت، پڕۆژەکان ھەموو کەرتەکان لەخۆ دەگرێت و داواکاری ھاووڵاتییانیشە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە زیاتر لە ٤٠ پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەکانمان ناردووە بۆ حکوومەت، تەنیا ماوە ڕەزامەندیی جێبەجێکردنیان بگەڕێتەوە و لەگەڵ وەرگرتنی ڕەزامەندییش دەچنە بواری جێبەجێکردن، پێشتریش لەدوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ قەزای ئامێدی ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژە جێبەجێ کراون.''
وارشین سەلمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پڕۆژە نوێیەکانی قەزای ئامێدی ھەموو کەرتەکان لەخۆ دەگرێت ھەر لە ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە و تەندروستی و ڕێگاوبانەوە تا کۆتایی، چونکە ھەموو ئەو پڕۆژانەی بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەی گرینگن بۆ ناوچەکە و داواکاریی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای ئامێدین.''
قائید میرۆ




