فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردن دەکات

هەولێر -KDP.info-سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردن لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ، پێنجشەممە ڕێکەوتی 2ی 6ی 2022 فازڵ میرانی بە ئامادەبوونی زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازییان لە فواد ئەلمجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردن لە هەرێمی کوردستان کرد.
فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی میوان، هەڵوێستی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵا و شانشینی ئۆردنی بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند و، ئاماژەی بە پێویستیی یەکدەنگی و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کرد، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دواتر میرانی باسی کۆسپەکانی بەردەم دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراق و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و، چۆنیەتیی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ خزمەتکردنی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و عێراقدا کرد کە ئەم چەندە هەمیشە خواست و پەرۆشیی جەنابی سەرۆک بارزانییە.
هەر لە دیدارەکەدا، فواد ئەلمجالی، کونسوڵی گشتیی ئۆردن، خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە دەربڕی و، پەیوەندییەکانی نێوان شانشینی ئۆردن و هەرێمی کوردستانی، کە هەردەم لەبەرەوپێشچووندایە، بەرز نرخاند و هیوای خواست کە کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکوومەتێکی کارا و خزمەتگوزار، کە لە ئاست چاوەڕوانی و داخوازیی هەموو پێکهاتەکان و بەرقەرایی ئەمن و ئاسایش بێت.
ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی




