٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كوردانی هەندەران تووشی دڵەڕاوكێ بوونە

سەرچاوە: KDP.info

ئاردان زەنتورك

پارلەمانی سوئید دوای پارلەمانی نوروێج لە ساڵی 2012دا كۆمەڵكۆژ كردن، ئەنفال و كیمیابارانی ناوچە كوردییەكانی عێراقی لە لایەن رژیمی بەعسەوە وەكو ژنوساید یا بە زمانێكی دیكە پاكتاوی قەومی قەبووڵ كرد. ئەم دوو بریارەی هەر دوو پارلەمانەكانی نوروێج و سوئید زۆر گرنگە و دوای ئەم دوو بریارەیش پارلەمانی بەریتانیا بریارێكی هاوشێوەی دەركرد و كۆمەڵكۆژ كردنی كوردی لە لایەن رژیمی عێراقەوە بە ژنوساید ناساند. هەڵوێستی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەورووپایی ئەوەیە كە كەمپەینی ئەنفال كە لە ساڵەكانی 1988دا لە لایەن سەدامەوە لە دژی كورد دەستی پێكردبوو و لە ئەنجامدا زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی كورد بوونە قوربانی وەكو ژنوساید و پاكتاوی قەومی و رەگەزی قەبووڵ بكەن.

نازانم بە ژنوساید ناساندنی ئەم كۆمەڵكۆژییە چەندە راستە یا چەندە دوورە لە راستی؟ بەڵام من وەكو مرۆڤێك پێم وایە دەبێت وشەیەكی دیكە زۆر گەورەتر و وەحشەتناكتر لە پاكتاوی قەومی و رەگەزی هەبێت كە بتوانێت پێناسەی ئەم جۆرە جەنایەتانەی دژ بە مرۆڤایەتی بكات.

ئایا بریاری ژنوساید دەبێتە خاوەن ئەنجام یا دەسكەوتێك؟

بەڵێ دەبێت.........

هەر چەند زۆربەی هەرە زۆری پارلەمانی وڵاتانی جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپایی سەبارەت كۆمەڵكۆژی یەهوودییەكان و دواتر ئەرمەنییەكان بریاریان دەركردووە بەڵام ئەم بریارە لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتانەوە جێبەجێ نەكراون. بە پێ بریاریە پارلەمانی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەورووپایی یەهوودییەكان یەكەمین قەومن كە رووبەرووی كۆمەڵكۆژی و پاكتاوی قەومی بوونەتەوە و دوواتریش ئەرمەنییەكان دووەمین قەوم و كوردیش سێیەمین قەوم. بریاری پارلەمانەكانی وڵاتانی جیهان لە سەر پاكتاوی قەومی یەهوودییەكان هەر زۆر جێبەجێ كرا بەڵام بریار سەبارەت بە پاكتاوی قەومی ئەرمەنییەكان و كوردەكان هەر چەند چەند ساڵێك لە لایەن پارلەمانی چەندین وڵاتەوە دەردەكرێت بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی سیاسی ئەو وڵاتانە ئامادە بوونی خۆیانیان بۆ جێبەجێ كردنی ئەو بریارانە رانەگەیاندووە.

لە جیهاندا بە فەرمی و قەبووڵ كراوە كە یەهوودی و ئەرمەنی رووبەرووی هەڵمەتی پاكتاوی قەومی و رەگەزی بوونەتەوە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئەم دوو قەومەی وەكو دوو قەومی زڵم لێكراو ناوزەد كردووە. دیارە ئاراستەی رووداوەكانیش بەرەو ئاسویەك دەروات كە لە داهاتوودا نەتەوەیەكگرتووەكان ناوی گەلی كوردیش دەخاتە رێزی سێیەمی لیستەكەی خۆیەوە و بەمجۆرە كوردیش دەبێتە سێیەمن قەوم كە رووبەرووی هەڵمەتی پاكتاوی رەگەزی و قەومی بووەتەوە. ئەم بریارە بۆ كوردانی هەندەران بە تایبەتی ئەو كوردانەی كە لە ئەورووپادا دەژین زۆر گرنگ و خاوەن بایەخە. زۆربەی هەرە زۆری پایتەختەكانی ئەورووپا تەنیا ئەندامانی پەكەكە لە خۆ ناگرێنەوە بەڵكۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر كوردی ئێران، عێراق، سووریا و توركیایشیان لە خۆ گرتووە و بەمجۆرە ژمارەی كوردەكان لە زۆربەی پایتەختەكانی ئەورووپایی ژمارەیەكی یەكجار زۆر و دیارە بە تایبەتی لە پایتەختی وڵاتانی ئەسكەندیناڤیا.

هێزی كورد لە هەندەران بە تایبەتی لە ئەورووپا گەیشتووتە ئاستێك كە هەر جۆرە بریار یا هەڵوێستێكی سیاسی كوردانی هەندەران زۆر بە ئاسانی دەتوانێت كاریگەری لە سەر بارودۆخی ناوچەكەمان بكات. ئەو هێزەی كوردانی هەندەران سەرەڕای ئەوەی بووەتە هۆكاری ئورگانیزە كردنی لوبی نەتەوەیی بۆ كورد هاوكات، یەك هەڵوێستییەكی سیاسیشی لە نێوان كوردانی ئێران، عێراق، سووریا و توركیادا ساز كردووە كە ئەم كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لە سەر سیاسەت و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هەیە.

خاڵی هاوبەشی كورد، ئەرمەنی و یەهوودییەكان ئەوانەی كە لە دەرەوەی وڵاتانی خۆیاندا دەژین ئەوەیە كە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی كە ویستوویانە لە ناویان بەرن خاوەن هەڵوێستێكی توند و رادیكاڵ بوونە. ئەمە خاڵێكی هاوبەشی ئەو سێ قەومەیە. بەڵام كورد زیاتر لەم خاڵە خاوەن چەندین تایبەتمەندی دیكەیە كە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە یەك كاتدا كاریگەری لە سەر سیاسەت و رووداوەكانی چوار وڵاتی دەراوسێ یەكتر بكات. ئەمەیش ئاوانتاژێكی یەكجار گەورەیە بۆ كورد بە تایبەتی كوردانی هەندەران چوونكە دەتوانن بە بەكار هێنانی هاوسەنگییە سیاسییەكان لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەكیدا هێز و پێگەی خۆیانیان ئیسبات بكەن.

بۆ نموونە ئێستا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا قۆناخێك بە ناوی قۆناخی چارەسەری دەستی پێكردووە. دوو فاكتەری سەرەكەی ئەم قۆناخە ( ئوجەلان و ئەردۆغان) هەرچەندە لە نێوان خۆیاندا متمانەیان بە یەكتر دابێت، بەڵام ئەم متمانەیە هێشتاكە نەدراوەتە هەر هەمووی لایەنەكانی ئەم پرسە، رەنگە بەدەپە و پەكەكە بە هۆی وتەكانی ئوجەلانەوە تۆزێك ئاسوودە بن و لە بەرامبەر ئەم قۆناخەدا هیچ جۆرە دڵەراوكێیەكیان نەبێت. بەڵام لوبی كوردی لە ئەورووپا یا كوردانی هەندەران، لە بەرامبەر ئەم قوناخەدا خاوەن دڵەڕاوكێن و وا بیردەكەنەوە كە توركیا دەیەوێ جارێكی دیكە رای گشتی كورد هەڵبخەڵەتێنێت و چارەسەر كردنی پرسی كورد دوا بخات. ئەم ترسەی كوردانی هەندەران لە رووی سیاسەتی دەرەكییەوە كاریگەری لە سەر توركیا دەكات. بۆ نموونە بە هۆی ئەوەیەوە كە ناوی كوردیش كەوتووتە نێو ناوی ئەو قەومانەیەوە كە تووشی پاكتاوی رەگەزی و قەومی بوونەتەوە، پارلەمان و بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپایی گرنگییەكی زۆر باش بە كورد بە تایبەتی بە كوردانی هەندەران دەدەن و كوردانی هەندەرانیش لە هەر چاوپێكەوتن و لە هەر دیدارێكی خۆیاندا باسی سەمیمی نەبوونی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكەن و ئەم هەڵوێستە لە رابردوودا ببوو هۆكاری ئەوەی كە یەكیەتی ئەورووپا لە بەرامبەر بە ئەندام بوونی توركیا دوو دڵ بێت و ئێستایش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە یەكیەتی ئەورووپا هەر بە دوو دڵییەوە سەیری هەنگاوەكانی ئاكەپە بۆ چارەسەری پرسی كورد بكات.

سەرچاوە: ستار

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار