٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی بۆ KDP: وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرەنجامی شاندی وەزارەتی بۆ بەغدا و بڕیارەکان لەوبارەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەمڕۆ لەبارەی ڕەوشی تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەبین.

لە لێدوانێکی تایبەتدا، د. سامان بەرزنجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ڕەوشی تەندروستی، پەرلەمانی کوردستان بانگھێشتی ئێمەی کردووە بۆ دانیشتنی ئەمرۆ، وەکو ئەرکی خۆمان ئامادە دەبین و وەڵامی ھەموو پرسیارەکان دەدەینەوە بەداتا و زانیاری تایبەت بە کەرتی تەندروستی، چونکە کەرتێکی خزمەتگوزارییە و کارێکی زۆر کراوە".

د. سامان بەرزنجی راشیگەیاند: "پاڵپشتیەکی تەواو ھەیە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بۆتە ھۆی ئەوەی سەرکەوتنمان بەدەستھێناوە لە دوو ساڵی ڕابردوو و ئێستاش سەرقاڵی چاکسازیکردنین لە سیستەمی تەندروستی".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەردانی شاندی وەزارتەکەی بۆ بەغداش، د. سامان، گوتی: "باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق ھەیە و، بۆ ئەوەی وەکو ھەرێمی کوردستان زیاتر سوودمەندبین لەو بڕ و بەشەی کە ئەرکی عێراقە بۆمان دابین بکات، شاندێکمان سەردانی بەغدایان کرد و، یاداشتێکی (٣٢) خاڵیمان پێشکەش کرد و ھەندێک لەو یاداشتە بووە بڕیار، وەکو ھێنان و بردنی دەرمان و پشکی ھەرێم و چاکردنەوەی ئامێرە پزیشکیەکان و، پشکی پارێزگای ھەڵەبجەی خۆشەویستیش دابین بکرێت وەکو پارێزگا و، چەند بابەتێکی تر بوون ھەروەھا ھەندێک خاڵی ‌یاداشتەکەش کاری لەسەر دەکرێت ".

وەزیری تەندروستی گوتیشی: "وەزیری تەندروستی عێراق سەرسامی خۆی بە زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە بۆ نموونە وەکو ڕەوشی شێرپەنجە ھیوای خواست بەشێک لەو خزمەتگوزارییانە بۆ ھەموو عێراق پەیڕەو بکات".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار