٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بارزانی نەمر خاكیبوون و ئازایەتی و تەوازع و كۆڵنەدان

سەرچاوە: KDP.info

موحسین دزەیی

كارێكی هێندە ئاسان نییە باس لە خاكی بوون و ئازایەتی و تەوازوع و كۆڵنەدانی پیاوێك بكەیت كە بە درێژایی تەمەنی خۆی لە خزمەتی سەلماندنی دۆزی ڕەوای میللەتی كوردا تووشی دەربەدەری و زەحمەتی و زیندانی و نەفی كردن بووبێتەوە، بە شێوەیەكی گشتی مێژووی واقعبینی و بێ فیزی خەباتكارێكی مەزنی وەك ئەو زاتە لە دوتوێی چەندان كتێب جێی دەبێتەوە؛ نەك لە وتارو دیمانەیەكی چەند كاتژمێریدا، بە شێوەی گشتی پیاوێك بووە هەرگیز لە كاتی سەركەوتنی شۆڕش و بەرخوداندا لەخۆبایی نەدەبوو، لە ساتەوەختانی شكستیشدا ورەی نەدەڕوخا، لە هەناودانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا كەسایەتییەكی وەك ئەو بە سەبرو خۆڕاگرم نەبینیوە كە بەرانبەر هەموو كارەسات و ڕووداوێك خۆڕاگرانە وەستابێتەوە، ئەو سەنگینی و خۆڕاگرییەی هەیبووە، لە لای كەم كەس بە وێنەی ئەو لە مێژوودا هەبووە، جارێكیان لە لایەن پزیشكێكەوە بە بێ سڕكردن چەند ددانێكی بارزانی دەكێشێت، لە كاتی دەرهێنانی ددانەكانیدا هیچ ئازارێكمان بە ڕوخسارییەوە نەبینی، كەچی هەمان ڕۆژ پزیشك ددانی پێشمەرگەیەكی ئەوی دەرهێناو پێشمەرگەكە كردییە ناڵەو هاوار، پزیشكەكە پێی وت چەند ددانێكی بارزانیم دەرهێنا دەنگی نەكرد، كەچی تۆ بێ سەبرانە لە هاوار دەدەیت، پێشمەرگەكەش پێی وت ئینجا كوا ئێمە لە خۆڕاگیریدا دەبینە بارزانی....
لە ساتەوەختانی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی 1975 كە بەسەركوردا هات، سەركردایەتی سیاسی ورەیان بەردا، كەچی ئەو بە متمانەیەكی بەرزەوە وتی دوای ماوەیەكی كورت شۆڕش سەرلەنوێ هەڵدەگیرسێتەوەو دەشبێت كورد هەر بە مافەكانی خۆی بگات..
بێ فیزی بارزانی نەمر لەوەدا بوو خۆی لە كەس بە گەورەتر نەدەزانی و هاوكات كەسیشی لە خۆی پێ گەورەتر نەبوو، كاتێ لە بەرانبەر دوژمنان دەوەستا هەمیشە بێ ئەوەی هیچ ترسێكی لە دڵدا بێت خۆی بە نزمتر لەو نەدەزانی بەڵكو بە هاوئاستی وان خۆی لە موقابیلیان دادەنا بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەرزانە بەرگری لە مافەكانی میللەتی خۆی بكات، بەڵام لە ئاست منداڵێكیشدا هەر بەڕێزەوە دەنوشتایەوە، جارێكیان لێم پرسی مەغزای ئەو نهێنیەم پێ بڵێ: ئەوانەی وا لەگەڵ تۆدان بێ سوئال و جەواب گوێڕایەڵتن، بە پێكەنینەوە وتی كاتێ بۆ بەرەی شەڕ دەچین كامە شوێن زۆر زەحمەت بوو بێت ئەوەم بۆ خۆم هەڵبژاردووەو هەرگیز مامەڵەی سەركردەو سەربازم لەگەڵ نەكردون و خۆم وەك ئەوان حیساب كردووە، ئەگەر هەستم بە برسێتی كەسێكیان كردبێت پارچە نانێكم بۆ دەمی خۆم نەبردووە، لەبەر ئەوەی خۆم لەوان جیاواز نەكردووە، بۆیە ئەوانیش بەم شێوەیەن لەگەڵ مندا...
لەگەڵ واقیعبینیدا. بارزانی نەمر گەشبینیش بووە بەوەی ڕۆژێك دادێت كورد بگاتە مافی چارەنووسی خۆی و مافی ئەوەی خاوەنی دەوڵەت بێت، ڕۆژی 10/12/1976 لە لایەن لیژنەی مافی مرۆڤی جیهانیەوە كە سەر بە میللەتە یەكگرتووەكانە لە ئەمەریكا بانگهێشتیان كرد بۆ نیۆیۆرك، تەلارەكەی كە لیژنەی مافی مرۆڤی تێدا بوو بەرانبەر تەلاری نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، ئەوبەرو ئەمبەری جادەیەك بوون داوایان لێ كردبوو لە بۆنەیەكدا وتەیەكی خۆی هەبێت، لە شوێنی خۆی هەستا، ماوەیەك لە بەردەم پەنجەرەیەكدا وەستاو سەیری دەرەوەی كرد، لە تەلارەكەی ئەوبەرەوەی دەڕوانی، ئەوانەی لەوێ دانیشتبوون پێیان وت بۆچی لەوێدا وەستاویت، وتی تەماشا دەكەم ئاڵای هەموو وڵاتان لە پێش ئەو تەلارەن تەنیا ئاڵای كوردستان نەبێت، هەندێك لەو وڵاتانەی ئاڵایان لەوێدا هەیە ژمارەی دانیشتووانیان هێندەی ژمارەی دانیشتووانی شارێكی كوردستانە، نفووسی كورد لە 30 ملیۆن بەرەو هەڵكشانەو مافی ئەوەیان پێنەدراوە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و كوردستان ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئیتر لەوێ باسی ستەمەكانی هەموو ئەو دەوڵەتانەی كرد كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە و چییان بەسەركوردا هانیوە،دوور بینی و وردبینیەكەی لەوەدا بوو وتی پێویستە هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەبێت لە خەباتدا، بەڵام دەرئەنجام هەر دەبێت كوردستان ببێتەوە بە یەك وڵات، چونكە بە بێ پرسی خەڵكەكەی ئەو خاكەیان دابەش كردووەو سنووریان لە نێوانیان داناوە، بەڵام كەی دێتە دی بە پەلە نەبوو لە هاتنەدی ئەو ئاواتە مەزنەو حەزی دەكرد بە ئاشتی بێتەدی..
ئاشتیخوازی بارزانی نەمر لە خاڵی لاوازییەوە نەبووە، بەڵكو چەندین جار وتویەتی بەزۆر شەڕ بەسەرماندا سەپاوە، بە گوێرەی توانا هەوڵمانداوە خۆمان دوور بگرین لە شەڕەوە، نەیویستوە میللەتی كورد بە تایبەتی و گەلانی عیراق بەگشتی تووشی پێكادان و شەڕو ئازار ببنەوە، هەر حكومەتێ هەنگاوێك هاتبێتەپێشەوە بۆ ئاشتەوایی بارزانی دوو هەنگاو بۆی چۆتە پێشەوە، گەرچی هەرگیز متمانەی بە دانوسان و گفتوگۆی حكومەتی عیراقی نەبووە بەڵام هەموو هودنەو شەڕوەستانێكی پێ قازانج بووە بۆ كێشەی كورد..
سەبارەت بە كەركوك كە بەرچاوتەنگی و زێدەڕۆیی دەسەڵاتە یەك لە دوا یەكەكانی عیراقی لەسەر بووە لەبەر ئەوەی كانگای سامانی نەوت بووە، بۆیە بارزانی نەمر هەردەم دەیووتەوە: نەوت بۆ هەموو دنیا بۆتە نیعمەت تەنیا بۆ كورد نەبێت بۆتە نەگبەت، لە تەماعی ئەو نەوتەیە دوژمن دەسبەرداری كەركوك نابێت، ئەگینا ئەو شارە بەشێكە لە خاكی كوردستان، هەموو شوێن و دەڤەرێكیش لای ئەو لە پیرۆزیدا جیاوازی نەبووە، چەندی حكومەتی عیراق پێی وت جگە لە كەركوك هەموو كوردستان با خۆتان تێیدا حاكم بن، بەڵام تەنازولی لە كەركوك نەدەكرد، دەیووت مومكین نییە تەنازول لە كەركوك بكەم، نەوەكو پاشان بڵێن بارزانی تەنازولی لە بەشێكی كوردستان كردووە، كەركوك ئەگەر یەك تاكە كوردیشی تێدا نەمێنێت هەر كوردستانە، لەو كاتانەدا ئەم هەڵوێستەی هەبووە كە حكومەتی بەعس دەستی بە تەبعیس و تەهجیرو دەركردنی كورد كردبوو لە كەركوك، بێگومان هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بە شۆڕشی ئەیلوول دا، ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئەگەر كەركوكیش نەبوایە حكومەتی بەعس هەر بەندەكانی ڕێكەوتننامەی 11ی ئازاری جێبەجێ نەدەكرد، شەوی 11 ئازار پێش واژۆكردنی ڕێكەوتنامەكە بارزانی لەگەڵمان دانیشت وتی هەرگیز هیچ متمانەیەكم بە بەعس نییە، بەڵام ئەندامانی شاندەكەو مەكتەبی سیاسی كە خەریكی وتووێژ بوون ڕازی بووین واژۆ بكرێت، تەنیا بارزانی ڕازی نەبوو لەسەر واژۆكردن بەڵام پێی وتین بۆ ئەوەی نەڵێن بارزانی ڕای خۆی بەسەرماندا فەرز كردووە، مادام ئێوە هەموو ڕازین ئەوە منیش واژۆی دەكەم، هۆی دووەمی واژۆكردنم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان ئامادەن حوكمێكی زاتی بدەن بە كورد تا دواتر نەڵێن بارزانی دژ بەو كەمە مافەی كورد وەستاوەتەوە، ئینجا وتی بەڵام ئێستا پێویستە لە جاران وریاتر بین لەچاو ئەو كاتەی كە لە شەڕدا بووین، چونكە لە شەڕدا كە فڕۆكە دەهاتە سەرمان پێشوەخت دەمانبینی لە كوێوە دەهات، تۆپباران دەكراین دەمانزانی لە كوێوە بۆمب دەهاوێژن، بەڵام لەمەودوا چ پیلانێكمان بە نهێنی لە دژ بكەن ئێمە نازانین لە كوێ و چۆن دەیكەن..
سەبارەت بە خزمەتكاری بۆ میللەت بارزانی نەمر هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری میللەتی خۆی زانیوە، كاغەزیم بینیوە كاتێ بروسكەی ناردووە بۆ پێشمەرگە بە دەستخەتی خۆی نووسیویەتی براتان و خزمەتكارتان، خۆی بە خزمەتكاری هەموو میللەت زانیوە، قسەیەكی ئەوم لە یادە، وتی ساڵی 1963 تازە شەڕ بەرۆكی پێ گرتبوینەوە (لە دەڤەری بارزان بووە ئەو)، وتی بەیانیان زوو خەڵكی لە ترسی بۆردومانی فڕۆكە دەچوونە دەشت و دەر منیش ڕۆژێك بەسەر خەڵكەكەدا دەگەڕام، پێشمەرگەیەك هەبوو بە ناوی ((گورگۆ)) یەكێك بوو لەوانەی لەگەڵ بارزانی لە كۆچڕەوەكەی بەرەو ڕووسیا هاوەڵی بوو، بە تەمەندا چوو بوو، جێگەیەكی بۆ خۆی خۆش كردبوو، یەكێك لە كوڕەكانی بارزانی بە ئیلحاحەوە پێی وتبوو گورگۆ بۆچی ئەو جێگەیەت نادەی بە بارزانی، ئەویش وتبووی كوڕە دەبڕۆ. پێی وایە من خزمەتكاری بابی ئەوم، كوڕەكەی بارزانیش لە گورگۆ عادز بووە، لەو كاتەدا بارزانی هاتبوو پێی وتبوو بۆ وا داماویت، ئەویش وتبووی وەڵا گورگۆ قسەیەكی وای دەرهەق كردووم،بارزانیش بە پێكەنینەوە پێی وتووە، بۆ خۆت عادز دەكەیت، ئەی نازانی من و تۆش خزمەتكاری گوركۆو كەسانی وەك ئەوین..
ئەو زەمانە بەراورد ناكرێت بە ئێستا، 30 تا 40 ساڵی فەرقە، ئەو كاتە تا ڕۆژنامەنووسێكی بیانی دەهاتە لامان شاگەشكە دەبووین، بەڵام ئێستا سەرۆكی وڵاتان و وەزیرانی دەرەوە دێنە هەولێرو نزیكەی 30 قونسوڵیە لەم هەرێمە هەیە،لەگەڵ ئەوەش بڕوا ناكەم كەسێ بتوانێت وەك بارزانی نەمر بێت، بە ڕای من ئەگەر میللەتی كورد بە یەكڕیزی لەسەر ئەو ڕێبازە بن بێگومان بە ئاواتە بەرزەكان دەگەن.
چونكە بارزانی نەمر بەرژەوەندی خۆی نەدەویست جلكی بەری من لە هی ئەو باشتر بوو، دیومە خۆی پێڵاوی خۆی پینەدەكردو جلی خۆی بە دەستی خۆی دەدوورییەوە..
تا حەددێكی زۆر كاك مسعود بارزانی هەوڵی داوە لەسەر ئەو ڕێبازە بڕوات بۆیە من تەئییدی دەكەم، چونكە قەناعەتم وایە توانیبێتی تا ئاستێك لەسەر ئەو ڕێبازە بڕوات، هاوكات ڕێزی زۆری هەموو خەباتی سەركردەكانی تری وەك قازی محەمەد و شێخ مەحمودو شێخ سەعیدی پیران و بەدرخانیەكان و ئەوانەش دەگرم كە هەر كەس بە پێی توانای خۆی شتێكی بۆ دۆزی ڕەوای ئەم میللەتە كردبێت، بەڵام كەس هێندەی بارزانی خەباتی نەكردووە، لە ئایندەی نزیكیشدا كەسێك نابینمەوە وەك ئەو دروست بێتەوە..
داواتان لێم كردبوو شتێك لەسەر ئەو زاتە نەمرە باس بكەم كە پێشتر باس نەكرا بێت و نەبیسترابێت، مانگی نیسانی ساڵی 1977 خوالێخۆشبوو محەمەد سەعید دۆسكی كە هەمیشە برادەرە نزیكەكانمان بوو لە ئەمەریكا، وتی كابرایەكی ئەمریكی بە تیلیفۆن داوای بینینمی كردو پێی ڕاگەیاندم كە هۆی بینینەكە پێوەندیدارە بە ژیانی بارزانیەوە، پرسیاری بارزانی كرد وتی بیبینم یان نا، بارزانی پێی وت بیبینە، دواتر محەمەد سەعید دۆسكی لەهۆتێل كابرای بینیوەو كابرا وتویەتی ئەگەر شوێنی بارزانیم بۆ نەدركێنی دەتكوژم، ئەمیش بێ ئەوەی خۆی سەغڵەت بكات بە ساردییەكەوە پێی وتووە وا دەزانی من حیسابی ئەوەم نەكردووە، لە دەوری ئەم هۆتێلە زیاتر لە دە گەنجی كوردی كارامە چاودێریمان دەكەن تۆ نایانبینی، هەر شتێكم بەسەردا بێت بە ساغی لێرە دەرناچیت، ئینجا وتی حكومەتی عیراقی منی تەكلیف كردووە بارزانی بكوژم، نیو ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كردوم و دووسەد هەزاریم لێ وەرگرتون و لەگەڵ تەواوبوونی كاری كوشتنی بارزانیدا سێسەد هەزارەكەی تر وەردەگرم لێیان، ئەمەش پاسپۆرتم كە لە بەغدا ڤیزای لەسەردراوە بۆ ئەو مەبەستەش بانگیان كربووم، بەڵام بۆیە هاتوم تا ئەمە ئاشكرا بكەم كە لە عیراق هاتمەوە پرسم بە خۆم كردووە باشە ئەم بارزانییە كێ بێت وا ئەو هەموو پارەیە لە پێناوی لەناوبردنیدا خەرج دەكرێت، گەڕام و سوڕام بە ناو بلاڤۆكان و كتێبەكانی كە لەسەر گەلی كوردو هەواڵەكانی لەسەر شەخسی بارزانین، تەماشا دەكەم ئەم پیاوە لە خزمەتی گەلی خۆی زیاتر هیچ كارێكی خراپی نەكردووە، بۆیە لەو ڕێككەوتنەم پەشیمان بوومەوە، بۆیە هاتوم ئەو زانیارییانەتان پێ بڵێم، ئێستاش ئەگەر سكاڵاشم لە لای پۆلیس لەسەر بنووسن، هیچ بەڵگەیەكی یاساییتان لەسەرم نییە بۆ ئیسپات كردنی ئەم كارەم..
بۆیە ئەم بەسەرهاتە دەگێڕمەوە تا بزانن لەو كاتانەشدا كە حكومەتی بەعس ئاگاداری نەخۆشی كوشندەی بارزانی نەمر بوون و دەیانزانی ماوەیەكی كەمی ماوە نەخۆشی كۆتایی بە ژیانی بهێنێت كەچی هەر پیلانیان لە دژی ڕێكدەخست، چونكە ئەوان بارزانییان بە مەترسیەكی گەورە لەسەر خۆیان دەزانی، دەشیانزانی ئەگەر یەك ڕۆژ لە ژیانیدا مابێت هەر مەترسی دەبێت بۆ ئامانجەكانیان كە لە دژی كوردو كوردستان ئاواتیان بوو بیهێننە دی

 

هەواڵی پەیوەندیدار