عەلی خەلیل: ھەندێ ھێز ڕێگرن لە کردنەوەی بارەگای پارتی
__2022_06_01_h15m19s10__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- بڕیار بوو پارتی بارەگای لقی ١٤ی مووسڵ بباتەوە ناو شاری مووسڵ، بەڵام بەرپرسی لقی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، ڕێگری ھەیە لە کردنەوە و گەڕانەوەی بارەگای پارتی لە مووسڵ و ئەو ڕێگرییەش لەلایەن ھەندێ ھێزەوەیە، نەک حکوومەتی فیدراڵ.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا بارەگای ناوچەی مووسڵی پارتیمان گواستەوە بۆ ناوشاری مووسڵ، ئەمەیش وەک قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتیمان بۆ شاری مووسڵ بوو، ئێستا ئەو بارەگایەی لیژنەی ناوچەی مووسڵ زیاتر بۆ پەیوەندییەکان بەکاری دێنین و خەڵکی ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بارەگاکە ھیچ چەکداری نییە.''
لەبارەی گەڕانەوەی بارەگای لقی ١٤ی پارتی بۆ شاری مووسڵ، بەرپرسی لق گوتی: ''ئێمە پلانمان ھەیە بۆ گەڕانەوەی بارەگای لق، لەبەر ئەوەی پارتی مێژوویەکی دێرینی لە مووسڵ ھەیە و پێگەی جەماوەریی پارتییش لەو شارە دیارە، بەڵام نایشارینەوە ڕێگری ھەیە لە گەڕانەوە بارەگای لق، ڕێگرییەکەش حکوومەت و دەزگای فەرمیی نین، ھەندێ ھێز و گرووپی ناو مووسڵن کە ئاستەنگن بەرامبەر کردنەوەی بارەگای لق.''
عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەوڵەکانمان بۆ کردنەوەی بارەگای لق بەردەوامن و پێشتر حکوومەتی فیدراڵیمان ئاگادار کردووەتەوە، چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقین، ئەگەر کێشە و ئاستەنگ دروست نەکرێت ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە ئامادەین بارەگای لقی ١٤ی پارتیمان ببەینەوە ناو سەنتەری شاری مووسڵ، لەبەر ئەوەی گەڕانەوەی پارتی کاریگەریی دەبێت و پارتی خاوەن جەماوەر و پێگەیەکی بەھێزە لە پارێزگای مووسڵ.'
قائید میرۆ




