فیلمێکی دیکۆمێنتاریی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ نمایش کرا

پۆڵۆنیا -KDP.info- دوێنێ ٣٠/٥/٢٠٢٢، لە ھۆڵی باخچەی هونەریی مالۆپۆلسکا یەکەم نمایشی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی کوردی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ بەڕێوە چوو.
لە پێشبڕکێی کورتەفیلمەکاندا فیلمی دەرھێنەران ئاوارە عومەر و، ئیدریس عەبدی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون. هەر لە یەکەم نمایشکردنەکەدا دەرھێنەر، ئاوارە عومەر بەشدار بوو .
فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ ٦٢ھەمین فێستیڤاڵە کە ساڵانە لە وڵاتی پۆڵۆنیا لە شاری کراکۆڤ بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ بە بەشداریی ژمارەیەک لە کوردانی تاراوگە و دۆستانی پۆڵۆنی و کوردناسان و مامۆستایانی ئەکادیمی و، بە ئامادەبوونی زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، فێستیڤاڵەکە بەڕێوە چوو .
شایانی باسە دووەم نمایشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکە لە ٢ی حوزەیران، کاتژمێر ١٧:٣٠ بەڕێوە دەچێت و دوای نمایشکردنی فیلمەکە بینەران دەرفەتیان دەبێت پرسیار و ڕا و سەرنجی خۆیان ئاڕاستەی دەرهێنەر، ئاوارە عومەر بکەن کە خۆی لە چالاکییەکەدا بەشداری دەکات و دەرھێنەر، ئیدریس عەبدییش بە شێوەی ڕاستەوخۆ (ئۆنلاین) بەشداری دەکات.




