شارەوانی ھەولێر: خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە ھەموو گەڕەکەکانی ھەولێر

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی شارەوانی ھەولێر گوتی، پڕۆسەیەکمان بۆ چاککردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی ھەولێر دەست پێکردووە و زیاتریش کار بۆ ئەو گەڕەکانە دەکەین کە ھەژارنشین و تەنھا ئەمساڵ زیاتر لە ١٠٠ ھەزار مەتر قیرتاو و کۆنکریت و کلبستۆن کراوە و لە ھەر شوێنێکیش پێویست بێت کاریان بۆ دەکرێت.
عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو شارەوانی ھەولێر سێ جۆر کارمان ھەیە، جۆرێکی ئەو پڕۆژەی بۆ گەڕەکەکان دەکرێت لە ڕێگەی داھاتی ١٥%ی خۆمانە و بەشێکیشی لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێرە، ئەوانە رەزامەندیان بۆ دێتەوە دەکرێتە تەندەر و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە زیاتریش کار بۆ ئەو گەڕەکە ھەژارنشینانە دەکەین کە پێویستیان پێ ھەیە لە باشووری ھەولێر، وەکو مامزاوە و قەتەوی و گەڕەکی ژیان و چەند گەڕەکێکی دیکەش، لەگەڵ گەڕەکی عەسکەری تا دەگاتە کەسنەزان دەستپێدەکات".
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر ڕوونیشیکردەوە: "تەنھا لەمساڵدا ئێمە لە سنووری شارەوانی ھەولێر توانیومانە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار مەتر دووجا درێژی کاری قیرتاوکردن و کۆنکریت و کلبستۆن ئەنجامبدەین بۆ گەڕەک و شەقامەکان و بەردەوامیش دەبین لە ھەر شوێنێک پێویست بکات تا خزمەتگوزاری دەگەینینە ھەموو گەڕەکەکانی ھەولێر".
بڵند ئیبراھیم




