زیادبوونی ھەلیکار بۆ کرێکاری ناوخۆیی لە ھەرێم بەردەوام لە زیادبووندایە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەوەی ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجەکانی زۆر قورس کراوە ھەلیکار بۆ کرێکاری ناوخۆیی بەردەوام لە زیادبووندایە و ئێستا گەیشتۆتە سەرووی ١٣٠ ھەزار ھەلیکار لە ھەرێمی کوردستان و بەردەوامیش بەھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ لە زیادبووندایە.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە بەردەوام چاودێری پڕۆژەکان دەکەین، کە زیاتر پشت بەکرێکاری ناوخۆی ببەستن بۆ کارکردن، بەڵام ھێشتا نەمانتوانیووە ھاووڵاتی جێگرەوەی بیانی بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بدۆزینەوە کە باڵەخانەی بەرز دروست بکەین و ھاووڵاتی ئێمە ھێشتا لە دروستکردنی شارەزا نەبووە و ئێستا وردە وردە فێردەبن و ھەر پسپۆریەک لە کوردستان ھەبێت نابێت لەو پسپۆریە کرێکاری بیانی بێت، چونکە ئێستا ھاتنی کرێکاری بیانیمان زۆر قورس کردووە، کە کارەکە رادەگەیەندرێت ئەگەر کرێکاری خۆمان نەبوو ئەوکات ڤیزە بەکرێکاری بیانی دەدرێت بێن لە ھەرێم کار بکەن".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئەوانەی ئێمە پێویستمان پێی ھەیە داوای ڤیزەیان بۆ دەکەین، بەڵام ئەوانەی وەبەرھێنان نەبن ئێمە پەیوەندیمان پێوە نیە، چونکە ئێستا ھەنگاوی باشمان ناوە لە رەخساندنی ھەلیکار بۆ کرێکاری ناوخۆیی کە خۆی پێویستە ٧٥%کەمتر نەبێت و ھەندێک پڕۆژە گەیشتۆتە ٩٠%ی کرێکارەکانی ناوخۆیین".
شوکری باسی لەوەشکرد: "ئەوانەی کە بەدڵنیایی کار دەکەن لە پڕۆژەکان ژمارەیان گەیشتۆتە سەرووی ١٣٠ ھەزار کەس و ھەلیکار زۆر زیاتر دەبێت و جگە لەوەش ھاووڵاتی تریشمان ھەیە بە ھەزاران ناراستەوخۆ کار دەکەن، بۆیە ھەلیکاری زۆر بۆ خەڵک رەخساوە و بەردەوامیش دەبین بۆ زیاترکردنی".
بڵند ئیبراھیم




