٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەکر زێباری: لە ئێستادا ٩٩%ی چەکدارانی داعش عێراقین و بیانی زۆر کەمی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێی وایە، ھێشتا زەمینە لەبارە بۆ بەھێزبوونی گروپی تیرۆرستی داعش و دەڵێ، داعشی بیانی زۆر کەمە لە عێراق و لە ئێستادا ٩٩%ی چەکدارانی داعش ھاووڵاتی عێراقن.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ھەندێک ناوچەی عێراق زەمینە لەبارە بۆ جووڵەی داعش، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق، پێشتر زیاتر چەکداری داعشی بیانی تێدابوون، بەڵام ئێستا زیاتر چەکدارەکانی داعش لە عێراق چەکداری ناوخۆیی و ناوچەکەن، لەسەردەمی دەرکەوتنی داعش لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان چەکداری داعش دەھاتنە نێو عێراق ھەتا داعشی یەمەن و شیشانیش ھەبوون لە عێراق بەپێچەوانەوە داعشەکانی ئێستای عێراق ٩٩%ی عێراقین".

راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێم گوتی: "راستە داعش جووڵەی زیادکردووە لە ھەندێ ناوچە، ئەگەر دەرفەت ھەبێت ھێرشی زیاتریش ئەنجامدەدات، چونکە ھێزە ئەمنی و سەربازیەکان لە ئامادەباشیدابن و بەرپەرچی ھەر ھێرشێکی داعش بدەنەوە ئەوە بێگومان داعش ئەو ھێزە نیە بە ئاسانی بتوانێت دەستی خۆی بوەشێنێ، بەپێچەوانەوە سوپا لاوازبێت داعش ھەمیشە ئامادەیی تێدایە بۆ ھێرشکردن و دەرفەت لەدەست خۆی نادات".

بابەکر زێباری ڕوونیکردەوە: "لە ھەندێ ناوچە بۆشایی ئەمنی ھۆکاری زیادبوونی جووڵەی داعشە، ئەو دوو لیوا ھاوبەشەی لەنێوان ھەرێم و بەغدا دامەزراون مەشق و راھێنانیان پێکراوە و ئامادەکراون بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەداخەوە ھۆکاری دەست بەکارنەبوونی دوو لیوای ھاوبەش بۆ خەرجنەکردنی میزانیە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو ھێزە نوێیە جێگیر بکرێت کاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنی دەبێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار