٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ئارامی بەڕێوەبچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان دوای دوو مانگ و بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، دانیشتنی ئەنجامنەداوە، دوای چەند ھەوڵێکیش ئەم ھەفتەیە وا بڕیارە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ھیوادارین بە کەشێکی ئارام بەڕێوەبچێت، ئەولەویەتیش دەمانەوێت لەسەر ئەو تەوەرانە بێت كە ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخ و گوزەرانی ھاووڵاتیانەوە ھەیە.

لە دوای دوو مانگ بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، وا بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ٢ـی٦ـی٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.

پەیوەست بەمە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەمانەوێت تەوەری دانیشتنەکە یەکەمجار بۆ یاداشتەکان بێت کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان واژوو کراوە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی لەسەر ھەندێک پرسی گرنگ، وەک دارایی و تەندروستی و خاڵە سنوورییەکان و بابەت گەلێکیتر پەیوەست بە گوزەران و ژیانی ھاووڵاتیان بە شێوەیەکی گشتی، خوێندنەوەش بۆ ھەندێک پڕۆژە یاسا دەکرێت و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ ھەندێک یاسای پێشوو دەکرێت، ھەروەھا تایبەت لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنی کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، لەپێناو ئەوەی گشت لایەنەکان کۆک بن لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، وەک فراکسیۆنی پارتی کە زۆرینەین خۆمان بە بەرپرسیاری دۆخەکە دەزانین، وامان پێ باشە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پرسێکی گرنگە، بۆیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین یەک ڕۆژیش لەدەست نەدەین لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، دەمانەوێت گشت دەرگایەکی گفتوگۆ بکەینەوە، ئایا لایەنەکانی نێو پەرلەمان لەسەر چ خاڵێک دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن لە بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، لەسەر بابەتەکانیترەوە، بوار بدەین بە یاداشتەکانی پێشتر کە چەند مانگێکە دراوە بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە پەیوەستە بە دۆخی ھاووڵاتیان".

ئەو ئەندامەی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی، دەشڵێت: "داواکارین دانیشتنەکان بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت و پەرلەمان نەبێتە شوێنێک تا گرژی لێوە دروست بێت، بەڵکو ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەسەر گفتوگۆکردن سەبارەت بەم دۆخەی ئێستا ھاتۆتە ئاراوە، کە دەرگای گفتوگۆکان کراوەتەوە و کەشێکی تاڕادەیەک ئارام رەخسێنراوە، ئەم کەشە سیاسییەی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو مەبەست ھاتۆتە ئاراوە لەوانە بابەتی ھەڵبژاردنە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش ئەوانەی نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە پێداگیری لەوەدەکەن گرنگە ھەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکرێت، دووەمیش بۆ ئەوەیە کە دووبارە دەست بەدانیشتنەکان بکەین بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو پڕۆژانە بکەین کە پەیوەستن بە ژیانی ھاووڵاتیانەوەیە".

لیزا کاکەیی، دەشڵێت: "ئێستا ھەرێمی کوردستان لە بەردەم تەحەدیاتی زۆر مەترسیدارە، بۆیە فشارەکان بە بەردەوامی زۆرن لەسەر ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەم بڕیارە سیاسیانەی دادگای ئیتحادی دەریدەکات سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ناکرێ دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان، جەلسەکانی دانیشتنی پەکبخرێت و ھەڵوێستی نەبێت بەرانبەر ئەو فشارانەی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دەتوانرێت بە شێوەیەکی مەدەنیانە لە پەرلەمانی کوردستان کاربکرێت بۆ پشتگیری لە قەوارەی ھەرێمی کورستان، پەرلەمانی کوردستان خۆی ھێزێکە دەتوانێت بەرەنگاری گشت ئەم تەحەدیاتانە ببێتەوە کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەکرێت".

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار