دڵشاد شەهاب: هەوڵ هەیە بۆ كۆبونەوەی دیکەی لایەن سیاسییەكان

هەولێر -KDP.info- لە هەفتەی ڕابردوو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەردانی پارێزگای سلێمانیی كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆ بووەوە، پاشان كۆبوونەوەی دووقۆڵیی پارتی و یەكێتیی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی بەدوادا هات و بەستەڵكی نێوان لایەنەكانی تواندەوە. ڕاوێژكارێكی سەرۆك دەڵێت، هەوڵەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەردوام دەبێت بۆ لێك نزیكبوونەوە و كاری هاوبەشی لایەنەكان.
دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەوڵەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هی ئێستا نین و وەك نەهج و بیر و باوەڕی شەخسی، بەرپرسیاریەتیی ڕێكخستنی ناوماڵی كوردستانی لەئەستۆدایە، خەڵكیش دەزانن چەندین كۆبوونەوەی لایەنەكان ڕێك خراوە و هەنگاوی هاوبەشیان بۆ نراوە و لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایییان هاتووە".
دڵشاد شەهاب دەشڵێت: "ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو جەنابی سەرۆكی هەرێم هەنگاوی بۆ نا بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی، پاشتر كۆبونەوەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی، نەك تەنها شكاندنی بەستەڵەكێك بوو لە نێوان لایەنەكاندا، لەسەر ئاستی كۆمەڵگا كاریگەریی ئەرێنیی بەجێ هێشتووە، پێش ئەوەی پێویستییەكی سیاسی بێت، زەروورەتێکی جەماوەرییە کە ڕووبەڕووی هەرتاكێك دەبیتەوە و پێت دەڵێت، داوا دەكەین لایەنەكان لێك نزیك بن و یەك بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت و بەرژەوەندیی گەلی كوردستانیان لەپێش هەر بەرژەوەندییەكی دیکەوە بێت، بۆیە ئەوانە بنەمای جێگركردنی كاری سەرۆكایەتی و ڕوئیای جەنابی سەرۆكی هەرێمن بۆ چارەسەری گرفتەكان و بەردەوامیش دەبێت".
شەهاب ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هەنگاوەكەی سەرۆكی هەرێم دەرگای كردووەتەوە و، پەیوەندیی و هەوڵ هەیە بۆ كۆبوونەوەی دیکەی لایەنەكان".
گوتیشی: "لەسەر پرسی بەغدا دوو بابەتی فەرمی و یاسایی و دەستووری هەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاویان بۆ دەنێت و بۆ كارە هونەری و كردەییەكان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی عێراق بەردەوام لە پەیوەندیدان.''
گوتیشی: ''لە ڕووی سیاسی و ئەو بڕیاری چارەنووسسازانەوە کە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە، لە ئەرك و واجباتی سەرۆكی هەرێمە و ئەوەش بەردەوامە، بەشێكی دیکەیشی ئێستای عێراقە لە پێكهێنانی حكوومەتدا و پەیوەندیی بە خودی لایەنەكانەوە هەیە، سەرۆكایەتیی هەرێم ناتوانێت لەجیاتی لایەنەكان بڕوات دانوستان بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت هۆكاری لێك نزیككردنەوەی بیر و بۆچوونەكان بێت بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا وەك پێكهاتە دەربكەوێت و ڕۆڵی هەبێت نەك هەر حزبە و لە ڕێگەی خۆیەوە، چونکە دەركەوتنی كورد وەك پێكهاتە هێز بە پێگەی كورد دەدات، ئامانجی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەیە هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنەكان بدات بۆ ئەوەی لەسەر بەرنامەیەك لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان ڕێک بکەون کە لەپێش هەر بەرژەوەندییەكی ترەوە بێت".
عەزیز ڕەسووڵ




