٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکڕیزیی نێوماڵی کورد کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠یش دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان گوتی، یەکڕیزیی کورد گرنگیی یەکجار زۆری ھەیە و لە بەرژەوەندیی کورددایە و کاریگەریی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و ئەو کێشانەی ھەن چارەسەر بکرێن.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان، دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کورد پێشتر ھەر دەستکەوتێکی بەدەست ھێناوە بە یەکڕیزی بووە و ئاشکرایە لە ڕابردووەوە ھەر پەرشوبڵاوییەک ئێمە لە ئامانجەکانمان دوور دەخاتەوە و لە عێراقیش پێویستە ھەموو لایەک ئاگامان لەوە ھەبێت، چونکە ھەوڵ دەدەن لە نێوان کورددا کێشە و گرفت دروست بکەن، بۆ ئەوەی سیاسەتی تازە بەکار بێنن دژی کورد و سوود لەو بارودۆخە وەرگرن لە ھەرێم کە باش نەبێت و خۆیان ھەزار عەیبوعاریان ھەیە باسی ناکەن و ئەگەر لە ھەرێم ھەر شتێک ھەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ بەرژوەندیی خۆیان بەکاری دێنن.''

دیاری حوسێن گوتیشی: ''بێگومان یەکڕیزیی لایەنەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و پرسی کورد لە بەغدا و دەتوانین ھەوڵ بدەین ناوچە کوردستانییەکان کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کێشەکانیان زیادی کردووە، چارەسەری بکەین و پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە، چونکە دۆخەکە لە مەندەلییەوە تا شنگال خراپە و بەردەوام کێشە بۆ خەڵک دروست دەکرێت و ئاوارەکانیش ناگەڕێنەوە بەھۆی ئەو دۆخەی ئێستا لەو ناوچانە ھەیە.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار