٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ پارێزگاریکردن لە بەرھەمی کشتوکاڵیی ناوخۆ هاوردەکردنی قەدەغە دەکرێت، یان باجی دەخرێتە سەر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ پارێزگاریکردن لە بەرھەمی ناوخۆ و ساخکردنەوەی لە بازاڕدا، لیستی دانانی باج و قەدەغەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی دەرچووە و جێبەجێ دەکرێت و ھەر بەرھەمێک لە ھەرێم پێ بگات، هاوردەکردنی، باجی دەخرێتە سەر، یان قەدەغە دەکرێت.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لیستی دانانی باج و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵیمان دەرکردووە و ئاڕاستەی وەزارتی داریی و خاڵە سنوورییەکان کراوە، ئێستا بەشی زۆری بەرھەمەکان قەدەغە کراون، یاخود باجیان لەسەر دانراوە کە ھاوردە بکرێن، ئەمەش بۆ پارێزگاری لە بەرھەمی ناوخۆیی و ساخکردنەوەیەتی و لە کۆتاییی مانگی چوارەوە دەست پێ کراوە، بۆیە ھەر بەرھەمێک پێ بگات، هاوردەکردنی، باجی دەخرێتە سەر، یاخود قەدەغە دەکرێت.''

حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: ''ئێستا کە تەماتە و خەیار و شووتی و پەتاتە پێ گەیشتوون، هاوردەکردنیان باجی خراوەتە سەر، یاخود قەدەغە کراوە و ھەر بەرھەمێکیش بەپێی نرخەکەی باجی دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە بەرھەمی ناوخۆ بکەین، بۆیە بەو شێوەیە ھەر بەرھەمێک پێ بگات، ئێمە باج لەسەر هاوردەکردنی دادەنێین، یان قەدەغەی دەکەین تا مانگی ١٠ و ١١ی ئەمساڵ.''

حەمە کەریم ڕوونیشی کردەوە: ''لەگەڵ عێراقییش لەسەر خەتین لیژنەیەک ھەیە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن و ڕۆژنامەی کشتوکاڵی یەک بخرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار