سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (جایکا) کرد بە سەرۆکایەتی جین یۆنیدا بەڕێوەبەری سەرەکی ئاژانسەکە لە عێراق.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری جایکا لە عێراق، کورتەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسەکە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە بەهاوکاری و هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن، گرنگترینیان هاوکاریکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لە هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر کە دەکرێ ببێتە نموونەیەک بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ھاوکاریکردن لە دروستکردنی وێستگەی کارۆئاوی لە دێرەلووک و پەرەپێدان و گەیاندنی ئاو لە هەڵەبجە و نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی ئاژانسی جایکای کرد لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ستایشی کار و پڕۆژەکانی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجامی دەدەن و خوازیاری پەرەپێدانی هەماهەنگیی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ژاپۆنی بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.




