٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان: ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەت ھەیە.. 50%ی یاسای چاکسازی جێبەجێکراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێ، ھەماھەنگی ھەیە لەنێوان پەرلەمان و حکوومەت بۆ پرۆسەی چاکسازی و دەشڵێ، تا ئێستا 50%ی یاسای چاکسازی جێبەجێکراوە.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان بەچڕی چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی دەکات و ھەماھەنگی زۆر باشی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ھاوکات بڕیاربوو سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتێک لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، بەڵام ڕاپۆرتی سێیەم دواکەوتووە".

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی گوتیشی: "ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکیش لەبارەی پرۆسەی چاکسازی گەیشتووتە پەرلەمانی کوردستان و ھەنگاوی باش نراون، بەڵام بەپێی خواستی ئێمە نیە، باوەڕ ناکەم بەپێی خواستی سەرۆکایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بێت، بەڵام پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی ھەیە و کاتی بۆ دیاری نەکراوە".

سەعید ھەرکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "راستە ھەندێک بەخاوی بەڕێوەدەچێت، بەڵام مانای ئەوە نیە کاری رۆژێک یان چەند رۆژێک بێت، بەپێی پێشبینی خۆم 50%ی یاسای چاکسازی جێبەجێکراوە، چونکە ڕاپۆرتەکانی حکوومەت و دەستەی دەستپاکی دەرخەری ئەو راستیەن، پرۆسەکە ھەموو کەرتەکان و فەرمانگەکانی حکوومەت دەگرێتەوە و گشتگیرە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار