٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێم: هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە، نەبوونی میانڕۆییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "ئاشتی لە رێگەی میانڕۆیی" رایگەیاند، هۆکاری چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسیی عێراق، نەبوونی میانڕۆییە. دەشڵێت، ئەگەر لایەنەکان میانڕۆییان پێشان بدایە تووشی ئەم چەقبەستووییە نەدەبوون.

ئەمڕۆ دووشەممە کۆنفرانسی "ئاشتی لە رێگەی میانڕۆیی" بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی هزری تووندڕەوی و پەڕگیری لەنێو کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە لەلایەن رێکخراوی سپارک و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر رێکدەخرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کۆنفرانسەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "ئەگەر عێراق وەک نموونەیەکی بچووکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین، دەبینین ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق چەند بۆ خودی خۆی گرنگ و پێویستە، هێندە و بگرە زیاتریش بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە گرنگ و پێویستە. بە درێژایی مێژووی وڵات نەبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق، نا ئارامی و نا سەقامگیری لە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی دروستکردووە". 

نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی رێکنەکەوتن و ناکۆکیی نێوان لایەنەکان نەتوانراوە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێن. 

نێچیرڤان بارزانی هۆکاری ئەو چەقبەستووییە بۆ نەبوونی میانڕۆیی دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، "کاتێک لە جیاتی میانڕۆیی دەمارگیری و تووندی لە هەڵوێست کاردەکات، سەرەنجام ئەم دۆخەی ئێستا دروست دەبێت، ئێستاش بۆ دەرچوون لەم بنبەستە دەبێت هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "لێکەوتەکانی کۆرۆنا بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا، تیرۆر و تووندڕۆیی، شەڕ و پێکدادان، ناکۆکیی سیاسی و جیۆسیاسی، کارکردن بە لۆژیکی هێز، قسەکردن بە زمانی چەک، هەوڵی سەپاندنی هەژموون، خەریکە ئاشتیی جیهانی دەخاتە مەترسییەکی راستەقینەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، نەبوونی ئاشتی و ناسەقامگیری لە عێراق، زۆرجار دۆخی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەشی تێکداوە، تەنانەت هەڕەشەی لە ئاشتی جیهانیش کردووە. بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کاربکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچەیە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەگەر نەچینەوە سەر مێژووی کۆنی ناکۆکی و پێکدادانی مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەییش هەر تەنیا باسی مێژووی نوێی عێراق بکەین، دەبینین ئەو ستەمەی هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی کراوە چەند شەڕ و ماڵوێرانی و کارەساتی بۆ عێراق و ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێناوە."

هەواڵی پەیوەندیدار