"کێشەی لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک لە ئامێدی چارەسەر کرا"
__2022_05_29_h19m54s51__HK.jpg)
ئامێدی -KDP.info- بەمەبەستی لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک لە کۆمەڵگەی قەدشی سەر بە قەزای ئامێدی کارگەیەکی ڕیسایکلین کەوتە کار و قایمقامی ئامێدییش دەڵێت، کارگەکە جگە لە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەبێتە ھۆکار بۆ پەیداکردنی دەرفەتی کار.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ، یەکشەممە ٢٩/٥/٢٠٢٢، کارگەی ڕیسایکلین لە سنووری قەزای ئامێدی کرایەوە و دەبێتە ھۆی لەناوبردنی زبڵ و خاشاکی سنووری قەزای ئامێدی بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە، ھەروەھا سوود لە پاشماوە و ھەندێ زبڵ و خاشاک وەردەگیرێت بۆ دروستکردنی ماددەی دیکە، جگە لەوەیش بەو سیستەمەی پێشوو کار ناکرێت بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک.''
قایمقامی ئامێدی گوتیشی: "کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلین دەبێتە ھۆی پەیداکردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی سنووری ئامێدی و پێشتر لە سنووری گوندەکان و ھەموو شارەدێ و کۆمەڵگەکانی سەر بە ئامێدی بە شێوەیەکی خراپ خاشاک کۆ دەکرایەوە و ببووە ھۆی پەیداکردنی بۆنی ناخۆش، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی کارگەی پێشکەوتوو کۆ دەکرێتەوە.''
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەموو ئەو شوێنانەی وەک ئامێدین پێویستە کارگەی ھاوشێوەیان لێ دروست دبکرێت و پێشتریش لە چەند شوێنی دیکە کارگەی ڕیسایکلین کراونەتەوە بۆ لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک کە ھۆکار بوون بۆ خاوێنیی ناوچەکانمان.''
قائید میرۆ




