٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی یاسایی: کۆمسیۆن بڕیار دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان لایەنەکان دەکرێت بۆ ئەوەی لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن بگەنە ڕێککەوتن و دواتر کۆمسیۆن بڕیار لەبارەی ھەڵبژاردنەوە دەدات .

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستاندا دەست پێ دەکات و لە دەرەوەش لایەنە سیاسییەکان بەردەوام گفتوگۆ دەکەن تاوەکوو دەگەنە ڕێککەوتن دەربارەی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن، چونکە ئەو پرسە پێویستی بە تەوافوق ھەیە، ھەربۆیە گفتوگۆی بەردەوام دەکرێت تا دەگەنە ڕێککەوتن.''

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی ڕوونیشی کردەوە: ''ھەرکاتێک پرسی کۆمسیۆن یەکلایی کرایەوە، ئەوکات کۆمسیۆن بڕیار دەدات کە دەتوانن لەڕووی تەکنیکی و ئامادەکارییەکانەوە لەو ماوەیەدا کە ماوە بۆ ھەڵبژاردن خۆیان ئامادە بکەن، چونکە چوار مانگیان لەبەردەم ماوە، بۆیە کۆمسیۆن بڕیار دەدات کە دەتوانن ھەڵبژاردن لە مانگی ١٠ ئەنجام بدەن، یاخود نا.''

پێشتر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، ھندرێن محەمەد ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەگەر کەمتر لە شەش مانگیش بمێنێت بۆ ھەڵبژاردن و بەپێی تۆماری دەنگدەرانی عێراق کار بکرێت کارئاسانی باش دەکرێت و دەتواندرێت بە کەمتر لە شەش مانگیش ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئاسانکارییەکی باش بۆ کۆمسیۆن دەکات.''

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مانگی ١٠ی ئەمساڵی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنی یەکلایی نەکردووەتەوە.

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار