کۆمپانیاکان لە وەبەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن

هەولێر -KDP.info- له ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌نووس، كارزان سه‌باح هه‌ورامیدا كه زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر هەڵوێستی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری نه‌وت كۆ كراونه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتووه كه كوردستان خاوه‌نی پشتیوانیی گه‌وره‌ی جیهانییه و پێنج كۆمپانیای گه‌وره‌ی جیهان كه كاری وه‌به‌رهێنانی نه‌وت له كوردستاندا ده‌كه‌ن دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه كاره‌كانیان له هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و بواری كاره‌كانیشیان فراوان ده‌كه‌ن. سه‌رۆكی یه‌كێك له كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری نه‌وت ده‌ڵێت: جارێكیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی دیدارم هەبوو، دواتر وتەکانی سه‌رۆك بارزانیم گه‌یانده سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا کە كاردانه‌وه‌كانی له‌و بارەیە‌وه زۆر ئه‌رێنی بوو.
له دوای به‌شداریی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌ی داڤۆس، بۆ جیهان ڕوون بووه‌وه كه پرسی نه‌وت له عێراقدا گرفتێكه، نه‌توانراوە به‌پێی ده‌ستوور هه‌نگاوی بۆ بنرێت. سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌سه‌ر سته‌یجی داڤۆس له‌و بارەیە‌وه گوتی: "كاتێك سەیری ئاسایشی عێراق دەكەین، هەموو ئەو شتەی قسەمان لەسەر كردوون، نەوت بێت، داعش بێت و قاعیدە بێت، دەبێت سەیری هۆكارەكان بكەین كە بۆچی ئەم كێشانە سەریان هەڵدا لە عێراقدا، ئەگەر سەیری هەموو دۆخەكە بكەین، دەبینین چەندان بڕیاری هەڵەی سیاسی دراون و بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم كێشانە، لە ناویشیاندا قەیرانی نەوت. پشتگوێخستن و ڕێزنەگرتن لە دەستووری عێراق، هەبوونی هەژاری، نادادپەروەری، نایەكسانی، بڕیاری هەڵە، بەڕێوەبردنی هەڵە، حكوومەتێكی خراپ كە لە عێراق بووە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم كێشانە. به‌شێكی زۆری گرفتی ئه‌م دوایییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش هه‌ر له‌سه‌ر گرفتی نه‌وت و غازه.
ڕوونكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌و بارەیە‌وه گرنگ بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بوو به بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه كه ڕه‌تی كرده‌وه بچنه ژێر باری جێبه‌جێكردنییه‌وه و، پرسی نه‌وت، پرسێكی گرنگه و له هه‌مان كاتدا له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ڵواسراوه و، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌غدا له‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی كوردستان هه‌رزوو له‌لایه‌ن كۆمپانیا جیهانییه‌كانه‌وه ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه.
كۆمپانیا جیهانییه‌كان وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن
بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی یەكەمی كۆڕبەندی جیهانیی و‌زەدا كە لەژێر ناونیشانی ''جیۆپۆلیتێكی وەرچەرخانی وزە'' له شانشینی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو بەڕێوە چوو، لە پەنێڵێكیدا بە ناونیشانی ''پەرەپێدانی وزە، هەناردەكردن و ئایندەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا''، وتارێكی گرنگی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێستا كوردستان توانای بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل نەوت و 500 ملیۆن پێی سێجا غازی لە ڕۆژێكدا هەیە. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ریه‌كه له كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و غاز (شامران، گەڵف كیستون، گەنەڵ ئینرجی، كریسنت كۆمپانی، پیترۆ گرووپ) كه كاری وه‌به‌رهێنانی نه‌وت له كوردستان ده‌كه‌ن، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه كرده‌وه:
یه‌كه‌م: ئەوان بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
دووه‌م: گرێبەستەكان بەپێی ئەو دەسەڵاتانە كراوە كە لە دەستووردا بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراون.
سێیه‌م: ئه‌م كۆمپانیانه پرسیان به شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی كردووه كه گرفت له یاسای نه‌وت و غازی کوردستاندا نییه و به یاسا به‌ركاره‌كان كار ده‌كه‌ن.
چواره‌م: سه‌رجه‌میان جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه کە ئێمە نەک هەر لەسەر كارەكانی خۆمان بەردەوام دەبین، بەڵكوو بازنەی وەبەرهێنەكانمان لە هەردوو بواری كەرتی نەوت و غازدا فراوانتر دەكەین.
پێنجه‌م: ئاستی وه‌به‌رهێنان فراوان ده‌كه‌ین بۆ سێ به‌رانبه‌ر.
شه‌شه‌م: هه‌ر پێنج كۆمپانیاکە داوایان له كۆمپانیاكانی جیهان كرد له كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێز له ئیمزای خۆی ده‌گرێت كە لەسەر گرێبەستەكان دەیكات و بە شێوەیەكی زۆر ڕێك‌وپێك هەقدەستی كۆمپانیاكان لە كاتی خۆیدا دەدات.
قسه‌یه‌كی سه‌رۆك بارزانی ده‌برێت بۆ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جیا له ئه‌م پێنج كۆمپانیایه، چه‌ندین كۆمپانیای دیكه پلانیان هه‌یه له كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
یه‌كه‌م: ڕۆس پیرۆت جی ئاڕ، سەرۆكی پیرۆت گرووپ لە هەرێمی كوردستان له وتارێكدا كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: لە ساڵی 2007ـوە مۆڵەتی وەبەرهێنانم لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ئەو كاتەی هاتین بۆ كوردستان، خەڵكی ئێمە تەنیا دیمەنە خوێناوییەكانی شەڕی فەللووجەیان دەبینی، بۆیە كاتێك گوتمان دەچینە عێراق و لە كوردستان وەبەرهێنان دەكەین، پێیان دەگوتین چۆن دەتوانن لە عێراقدا وەبەرهێنان بكەن؟ پێش ئەوەی بێمە كوردستان بۆ وەبەرهێنان، بەرپرسێكی باڵای پێشتری كۆشكی سپیم بێنی، پێی گوتم، ڕۆس، ئێمە دەمانەوێت وەبەرهێنانی ئەمەریكی لە عێراقدا هەبێت، بەڵام لە هەر شوێنێكی عێراق وەبەرهێنان بكەیت، دەبێت كوردت لەگەڵدا بێت، لەبەر ئەوەی كوردەكان هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمەن. دوای ئەوەی ساڵی 2007 هاتمە كوردستان و لەگەڵ (جەنابی سەرۆك بارزانی) كۆ بوومەوە، جەنابی مەسعود بارزانی بەشێك لە وتەكانی خۆی لەگەڵ سەرۆك بووش بۆ گێڕامەوە، بۆم دەركەوت تەنیا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمە كوردە و پاش گەڕانەوەم بۆ ئەمەریكا، چاوم بە سەرۆك بووش كەوت و قسەكانی جەنابی بارزانیم بۆ گێڕایەوە، ئەویش جەختی لەوە كردەوە كە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمە كوردە، ئەمە چیرۆكێكی زۆر جوان بوو كە هەردوو سەرۆك (بووش و بارزانی) جەختیان لەسەر كردەوە، بۆیە حەزم كرد بۆتان بگێڕمەوە، سەبارەت بە ئاستی ئەو كێڵگانەی ئێمە وەبەرهێنانی تێدا دەكەین، دوو كێڵگەی گەورەی نەوتمان دۆزیوەتەوە هەتا ئێستا ڕۆژانە 31 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بەنیازین لە هاوینی ئەمساڵدا بگاتە 55 هەزار بەرمیل، بە هەمان ڕێگە دەمانەوێت ئەم ڕێژەیەش بكەین بە دوو هێندە، واتە سەرووی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژیكدا.
دووه‌م: جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پەترۆڵیۆم لە هەرێمی كوردستان، ئه‌ویش له وتارێكدا ده‌ڵێت: دەمانەوێت وەبەرهێنانی زیاتر بكەین و بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە دوو ئەوەندەی ئیستا.
سێیه‌م: كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی له دواین ڕاگه‌یه‌نراویدا دەڵێت: ئێمە ئێستا زیاتر جەخت لەسەر كەرتی غازی سروشتی دەكەینەوە و لەگەڵ كۆمپانیا هاوبەشەكانمان OMV، RWE،Mullen هەتا ئێستا بڕی 2.3 ملیار دۆلارمان لە كەرتی گازی سروشتیی هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان كردووە و، بەنیازین 500 ملیۆن دۆلاری دیكەش وەبەرهێنان بكەین، بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ڕێژەی وەبەرهێنان بگەیەنینە یەك ملیار پێی سێجا غازی سروشتی لە ڕۆژێكدا، ئەمەش تەواوی پێداویستیی لۆكاڵیی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە و، ئەم پڕۆسەیە بەردەوامیی دەبێت تا دەگاتە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان زیاد بێت و بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، د. سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەی نەوت و غاز دوای پێک‌ھێنانی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی نەوت دەکات، چونکە ٩٥%ی داھاتی عێراق لەسەر نەوتە، دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا گۆڕانکاری بەسەر کەرتی نەوتدا ھاتووە، بەتایبەتی لە ڕووی نرخەوە، لەبەر ئەوەیش کار بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی نەوت و غاز دەکەین.''
ئه‌وەیشی خسته ڕوو: ''دوای پڕۆژەی ئازادیی عێراق، یاسای نەوت و غاز ئامادە کراوە و دواتر لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە پڕۆژە ھەبووە، بەڵام پڕۆژەی نەوت و غاز پەرت کراوە و تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی یاسای خۆی، ئێمە لەم خولەی پەرلەماندا بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز ھەموو توانایەک دەخەینە گەڕ، ڕێگەیش نادەین یاسایەک دەربکرێت کە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا لەبەرچاو نەگیرێت.''
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە دژی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: ''بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ڕەتکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی ھەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی لەسەر کارەکانی ئێمە دەبێت، ھەوڵ دەدەین ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن و بەرگری لە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین.''
هه‌ر له‌م بارەیە‌وه گولیزار ڕه‌شید سندی، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی وزه و سامانی سروشتی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئه‌وه‌ی له به‌غداوه ده‌كرێت سیاسییه و دژی مافه ده‌ستووری و یاسایییه‌كانه و به‌پێی مادده‌كانی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق به‌ڕوونی ئاماژه به‌وه كراوه كه هه‌رێمه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور سوود له سه‌رچاوه‌ی سروشتی وه‌ربگرن، خاڵی دواتر به‌غدا تا ئێستا ئاماده نه‌بووه كه یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربكات، ئیتر چۆن ده‌توانێت ڕه‌خنه له دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان بگرێت، به‌تایبه‌ت پڕۆسه‌ی نه‌وت كه ئه‌مه به‌پێی یاسا له ساڵی 2007 له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه. جیا له‌وه‌ش، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ند جار جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئاماده‌ن به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام دیاره له به‌غداوه نیه‌تێكی باش نییه و هه‌ر جاره و قسه‌یه‌كی جیاواز له‌و بارەیە‌وه ده‌كه‌ن.''
ئه‌وەیشی خسته ڕوو: ''له كۆڕبه‌ندی داڤۆس، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به ڕاشكاوانه قسه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی كرد كه ئێمه ڕێز له ده‌ستووری عێراق ده‌گرین و پڕۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا كراوه.''




