''ژمارەیەک مۆنۆمێنتی شەھیدان نۆژەن دەکرێنەوە''
__2022_05_28_h19m39s35__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەولێر و چەمچەماڵ و ھەڵەبجە نۆژەن دەکرێنەوە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانیش دەڵێت، ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتەکان.
عادل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان خەریکی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەیە، لەوانەش، نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی شەھیدان لە قەزای چەمچەماڵ و نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی شەھیدان لە پارێزگای ھەڵەبجە، ھەروەھا بە گوژمەی ٥٥٠ ملیۆن دینار ژمارەیەک پڕۆژەی بچووک لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شەھیدانی چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت.''
عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە سنووری چەمچەماڵ شوێن بۆ ناشتنی ڕوفاتی ١٧١ شەھیدی جینۆساید دەکرێتەوە، زۆربەی ڕێکارەکانی ھێنانەوەی ڕوفاتەکان تەواو بوون و پێشتر ڕێکارە یاسایییەکان گیراونەتە بەر، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەھۆی کۆرۆناوە ھێنانەوەی ڕوفاتەکان دوا کەوتووە، پشکنین بۆ ڕوفاتەکان کراوە و تەنیا لەسەر ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ماوە بگەنە ئەنجامێک لەسەر ھێنانەوەی ڕوفاتەکان.''
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کارکردن لە مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەولێر دەستی پێ کردووە و بڕیارە بە شێوەیەکی سەردەمیانە بخرێتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە، ئەوەیش وەک ڕێزگرتن لە کەسوکاری شەهیدان.
قائید میرۆ




