٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک: مەترسی ھەیە لەسەر چۆڵکردنی ژمارەیەک گوندی دیکەی سنووری دھۆک

سەرچاوە: KDP.info
دھۆک-KDP.info- بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە، سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوام ئامانجی فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیایە و، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، تا ئێستا ٣٨٠ گوند ئاوەدان نەبوونە و چۆڵکراون و مەترسی لەسەر چەندین گوندی سنووری ھەردوو ناحیەی شیلادزێ و دێرالۆکیش پەیدابووە.
 
فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا و ئاڵۆزیەکانی سەر سنوور، بەداخەوە نزیکەی ٣٨٠ گوندی پارێزگای دھۆک ئاوەدان نەکراونەتەوە بەدرێژایی سنوور لە ناوچەی سندی تا دەگاتەوە بەرواری باڵا و ناوچەی نێروە و رێکان و دۆسکی و گوندەکان بەتەواوەتی چۆڵکراون و ھاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەمەش زیانی زۆری بە خەڵکی دھۆک گەیاندووە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک دەشڵێت: "بەردەوام ئاماری چۆڵکردن و زیانەکانی شەڕی نێوان ھەردوولا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ناوچەکە لەسەر ئاگردانێکە و بەردەوام شەڕ و ئاژاوەی تێدایە".
 
فەھیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "مەترسی ھەیە لەسەر چۆڵکردنی ژمارەیەک گوندی دیکەی سنووری دھۆک، چونکە شەڕ بەردەوامە و ھاووڵاتیانی ئێمە باجەکەی دەدەن، ئێستا لە دەشتی زێ، کە ھەردوو ناحیەی دێرالۆک و شیلادزێیه‌ مەترسی لەسەرە و لە سنووری قەزای ئاکرێش سنووری زێبار و دۆڵی نەھلە مەترسی لەسەرە چۆڵبکرێن، لەبەر ئەوەی چەکداری پەکەکەی تێدایە و تورکیا ھێرشیان بۆ دێنێ".
 
 
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار