٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: ٤٥ گوند لە خانەقین کوردی تێدانه‌ماوه‌.. عەرەبی شۆڤێنی داوای قەرەبووش دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە سنووری خانەقین ھۆشداری لەبارەی داگیرکردنی زەوی کورد لەو سنوورە دەدات و ئاشکرایکرد، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا ١٧٠٠ خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە و داوای زەوی و باخ و موڵک و ماڵی کورد دەکەن، دەشڵێ، دادوەری خانەقین ئاسانکاریان بۆ دەکات.

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر شاڵاوێکی تەعریب دەستی پێکردووە لە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و جەلەولا و سەعدیە، تا ئێستا ٤٥ گوندی ناوچەکە ھیچ ھاووڵاتیەکی کوردی تێدا نەماوە و تەنیا عەرەب تێیدا دەژیت، ئەوەی حەشد پێی نەکراوە لە سنووری خانەقین داعشیان ھێناوە بۆ ناوچەکانی کوردنشین، لە ئێستادا ناوچە کوردستانیەکانی خانەقین بە خراپترین ڕەوشدا تێدەپەڕن و کورد لەوێ زۆر زۆڵمی لێدەکرێت".

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "لەوەتەی سەرۆککۆمار بەدەست کوردەوەیە ھیچ سەرۆککۆمارێک نەیتوانیوە بەرگری لە گرێبەستەکانی کورد بکات و گرێبەستەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس ھەڵوەشێنێتەوە، کە بە زۆر زەوی کورد داگیرکراوە، ئێمە کوردمان ھەیە شیعەنە کورد ھەیە کاکەییە ھەمووان دەرکراون و زەویەکانیان داگیرکراوە".

جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیکردەوە: "دادوەری دادگای خانەقین عەرەبە و ڕۆژانە بەلێشاو عەرەبی ھاوردە دەچنە بەردەم دادگا و کاریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی کورد داگیر بکەن، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستماندایە تەنیا لەماوەی یەک مانگێکدا ھەزار و ٧٠٠ خێزانی عەرەب سەردانی دادگای خانەقینیان کردووە و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی موڵک و ماڵی کورد زەوت بکرێت، تەنانەت بەوەش نەوەستاون دوای دەوامی دادگا ڕۆژانە ٣٠٠ ھەتا ٤٠٠ ھاووڵاتی عەرەب بە عەگال و دشداشەوە دەکەونە نێو بازاڕی خانەقین وەک خۆێیشاندان خۆیان پێشانی خەڵکی دەدەن".

جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: "عەرەبی شۆڤێنی بە داگیرکردنی موڵک و ماڵی ھاووڵاتیانی کورد ڕازینابن، داوای قەرەبووی کرێی ١٢ ساڵی رابردووش لە ھاووڵاتیانی کورد دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی دوای ٢٠٠٣ کورد گەڕاوەتەوە بۆسەر شوێنەکانیان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار