٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاتووچۆی گەشتیاران لە ڕۆژێکدا بۆ ٥ ھەزار کەس زیاد بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، بەھۆی ئەو ئاسانکاریانەی لە مەرزەکان دەکرێت ھاتووچۆی گەشتیاری بەردەوام لە زیابووندایە و ئێستاش بەھۆی پشووی ھاوین ژمارەی گەشتیاران کە ھاتووچۆی نێوان ئێران و ھەرێم دەکرێت دەگاتە نزیکەی ٥ ھەزار کەس لە ڕۆژێکدا، چونکە ئێستا تەنھا یەک گرفت ماوە بەڵێن دراوە ئەویش چارەسەر بکرێت، کە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل بکرێتە ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاتووچۆکردن، کە ئێمە ئەو ھەنگاوەمان ناوە و چاوەرێ دەکەین وڵاتی ئێرانیش ھەمان ھەنگاو بنێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنی پشووی ھاوینە ھاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بەردەوام لە زیادبووندایە و زۆریش بەھێزە و ھاووڵاتیەکی زۆر سەردانی ئێران دەکات و لە ئێران دێنە ھەرێمی کوردستان و ئێستا ئاسانکاری باش دەکرێت، ھەروەھا بە ئۆتۆمبێلی خۆیی و لە ھەولێریش بۆ ئێران ھاووڵاتی دەبەن بۆ شارەکانی ئێران، بۆیە ئاسانکاری باش کراوە و تەنھا ماوە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل بکرێتە ٢٤ کاتژمێری کە ئێمە وەکو دەستپێشخەری ئەوکارەمان کردووە و ڕێگا بە ئۆتۆمبێلی ئەوان دەدەین بێنە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھاتووچۆی ئەوان سنووردارە و لەگەڵ پارێزگاری ئورمیە قسەمان کردووە و چارەسەری ئەو گرفتە بکەین و بەڵێن دراوە ئەوانیش ئەو ئاسانکاریە بکەن".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕوونیشیکردەوە: "پێشتر ڕۆژانە ٢ ھەزار کەس ھاتووچۆی دەکرد و ئێستا بەھۆی پشووی ھاوین بەردەوام ژمارەکە لە ھەڵکشاندایە، چونکە خواستێکی زۆر بۆ گەشتکردن و ھاتووچۆ ھەیە و ژمارەکە دەگاتە ٤ بۆ ٥ ھەزار کەس، چونکە لە پشووەکان ژمارەیان دەگاتە ئەو ڕێژەیە، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ھەردوولا".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار