لیوا عەبدولخالق تەڵعەت له ڕێگهی KDPیهوه داوایەک لە جووتیارانی کورد دەکات

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، ئێستا داعش لەناوچە کوردستانیەکان ھاووڵاتی سڤیل دەکەنە ئامانج بەتایبەت جوتیاران و لە ماوەی ٢ ڕۆژ ١٤ جوتیار کوژراون، بۆیە داوا لە جوتیارانی کورد دەکەن بەوریای بچنە سەر زەویەکانیان بۆ دروێنە، بۆ ئەوەی تووشی ھیچ ھێرشێکی داعش نەبن و بەسەلامەتی گەنمەکانیان بدورن.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوو شاندی ئەمنی عێراقی ھاتبوون بۆ کەرکووک و دیالە، کە لەماوەی دوو ڕۆژ ١٤ جوتیار لەلایەن داعش کوژراون، کە رۆیشتوون بۆ دروێنەی گەنمەکانیان، ئەمەش وای کردووە لەو ناوچانە ترس و دڵەراوکێ دروست بکات لەلایەن جووتیاران، بۆیە ھێزە ئەمنیەکان ئاگادار کراونەتەوە کە زیاتر وریابن و پارێزگاری لە جووتیاران بکەن".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "داوا لە جووتیاران دەکەین ئەوانەی کوردن لە مەخموور و گوێر و سەرگەڕان و پردێ لەکاتی دروێنە وریای خۆیان بن و بەتەنھا نەچن و بە گرووپ گرووپ بچن و خۆیان بپارێزن لەو ناوچانەی پێشمەرگەی لێ نییە، چونکە داعش پلانی ھەیە ھێرشی سەر جووتیاران بکات و تیرۆریان بکات، بۆیە داوایان لێ دەکەم وریا بن و زۆر بەحەزەر بن بۆ دروێنەی گەنمەکانیان، بۆ ئەوەی بەسەلامەتی گەنمی خۆیان بدورنەوە، چونکە لە زۆر شوێن بۆشایی ھەیە و داعشیش ئێستا ھاووڵاتی سڤیل دەکاتە ئامانج".
بڵند ئیبراھیم




