٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان بۆ KDP: دەمانەوێ لەو چەند مانگەی ماوە زۆرترین پڕۆژە یاسا دەربکه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێ، ئامادەکاریمان کردووە بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمان و ٢٢ پڕۆژە یاساش ئامادەکراون.

ڕۆژان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "فراکسیۆنەکانی پەرلەمان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، لیژنەی یاسایی کار بۆ ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسا و پێشنیار و یاداشتانە دەکات، کە پێشتر ئامادەکراون و بڕیارە بخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەوانەش زیاتر لە ٣٠ یاداشت لەلایەن فراکسیۆنەکان پێشکەشی پەرلەمان کراون".

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی دەڵێت: "وەک لیژنەی یاسایی کۆبووینەوە بۆ ئامادەکاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، چونکە نزیکەی ٢٢ پڕۆژە یاساو پڕۆژە پێشنیار ئامادەکراون و خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت، پڕۆژەکان لە بوارە جیاوازەکانن و ھەمووشیان پڕۆژەی گرینگن".

ڕۆژان سلێڤانەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "دەمانەوێ لەو چەند مانگەی تەمەنی پەرلەمان ماوە زۆرترین پڕۆژە یاسا دەربکرێن لەلایەن پەرلەمانەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی پڕۆژەکان پەیوەندیان بە ژیانی ھاووڵاتیانەوە ھەیە و ئەرکی پەرلەمان دەرکردنی یاسا و چاودێریە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار