٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پێشمەرگە: دەبێت هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین لە دروستکردن و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ رایگەیاند، "تاڕادەیەک متمانەیەکی باش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە."

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "بوونی هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالان کۆلێژی ئەرکان لە چوارقوڕنە کە ناوکی دامەزراندنی سوپای نیزامیی هەرێمی کوردستانن، با هەموومان کار بۆ پشتیوانیکردنیان بکەین تاوەکو بتوانن ئەو رۆڵە مەزنەی خۆیان بگێڕن و لە ئاییندەدا بەرزترین ئەکادیمیای نیشتمانیی کوردستان بن." 

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای کارکردنمان لە بواری رێکخستن و یەکخستنی هێزەکان و بەردەوامیدان بە کاروانی چاکسازی، لەڕووی زانستی سەربازیشەوە قۆناخی باشمان بڕیوە، لەمیانی پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەگەڵ بەڕێز وەزیری بەرگریی عێراق و بەڕێز جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، توانیومانە بەشێکی زۆر لە گرژییەکانی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق چارەسەر بکەین."

شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی، "دەتوانم بڵێم تاڕادەیەک، متمانەیەکی باش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە، ئەگەر لیوای 20یش بڕیاری لێدرابووایە بچووبایە بواری ئەرکی سەربازیی خۆیەوە لە ناوچەی بۆشایی، ئەوا خوێنی رۆڵەکانی کوردستان و عێراقیش بەهەدەر نەدەڕۆیشت و رووبەڕووی گرووپی تیرۆریستیی داعش نەدەبوونەوە، بۆیە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکرا و نەدەتوانرا تیرۆریستانی داعش بە ئارەزووی خۆیان تەراتێنی تێدا بکەن."

بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، وەزارەتەکەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر پشکی کورد و پێشمەرگە لە کۆلێژ و زانکۆ سەربازییەکاندا رێککەوتوون، "بۆ ئەمەش بەربژێری ئێمە لە کۆلێژ و ناوەندە باڵا سەربازییەکان وەرگیراون و بۆ یەکەمجاریش پشکی پێشمەرگە لە زانکۆی نیشتمانیی عێراقی دیاریکراوە." دەشڵێت، "لەمەودوا ئەرکی گرنگ و هەستیار دەدرێت بەو ئەفسەرانەی کە هەڵگری بڕوانامەی سەربازین و پڕۆفیشناڵن لە بوارەکە و پیشەکەیاندا، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ پلان و بەرنامەکانی ریفۆرم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیماناندا."

وەکو شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی پێکرد، ئەرکی پێشمەرگە و ئەفسەرانی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە و زیاتر پابەندکراون بە دسپلینە سەربازییەکان، کەمکردنەوە و بەهەدەردان و خراپ بەکارهێنانی دارایی لە یەکە و لیواکان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پشکنین و ژمێریاریی سەربازیی وەزارەت کە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەستیان بە کارەکانیان کردووە، هەر لەو روانگە و رووەوە، لە رابردوو و ئێستاشدا بەردەوام دەبێت، بە ملیارەها دینارمان گەڕاندووەتەوە خەزێنەی حکومەت."

وەزیری پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، "سەرلەنوێ رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تۆکمەکردنیان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیاری لەئەستۆگرتنی بودجەکەی لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەنگەرەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە نۆژەن کراونەتەوە."

شۆڕش ئیسماعیل پێیوایە کە ئەگەر دەستوەردانی حیزبی نەبێت، دەتوانن "کاری گەورەتر" بکەن و دەڵێت، "لەگەڵ هاوکارەکانمان لە وەزارەت لە ئاستی تێگەیشتنی هەموو لایەک و بۆ کارکردن وەکو یەک تیم بە گیانی لێپرسراوێتییەوە بوونی هەیە و توانیومانە بەیەکەوە قۆناخی سەخت و دژوار تێپەڕێنین و کاری گەورەتریش دەکەین ئەگەر دەستوەردانی حیزب نەبێت. بۆئەوەی هیچ جۆرە ململانێیەکی سیاسی و حیزبی کار لە ئاراستەی ئێستای کارەکانی وەزارەت نەکات، بۆ ئەمەش لیژنەیەکمان راسپاردووە لەسەر دیاریکردنی مەرجەعیەتی سەربازی کە یاسا و رێسا و دسپلینە سەربازییەکانە."

لە پرۆسەی چاکسازیدا، بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، "بۆ یەکەمینجار لە وەزارەتی پێشمەرگە لیستێکی 830 کەسی، کە پێکهاتبوون لە فەرماندەی باڵا و ئەفسەران، رەوانەی خانەنشینی کراون، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بووە لە پرۆسەی چاکسازیدا، ئەم پرسە گرنگەش وەکو بنەمای نوێبوونەوەی هێزی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."

لەبارەی پرسی دامەزراندنەوە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "داوامان لە بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە دەرگای دامەزراندن لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەجنیدی سەربازی بکاتەوە، بۆئەوەی خوێنی تازە ببەخشین بە شادەمارەکانی هێزی پێشمەرگە."

بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، گۆڕانکاری لە نزیکەی 100 پۆستی کاریگەر و باڵای وەزارەتەکەیاندا کراوە و بەردەوامیش دەبێت، "پلەی کارمەندانی پێشمەرگەمان بەرزکردووەتەوە و لە کاتی خۆیدا وەریدەگرن و جیاوازیی مووچەکانیشیان بۆ بەستراوە، لە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانیشدا دۆسیەکانی وەزارەتمان رێکخستووەتەوە، بە گەڕانەوەی خشتەی ئەمجارە کە بەمنزیکانە تەواو دەبێت و دەکەوێتە سەر رێچکە و چیدی دواناکەوێت." هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو کە "بە تەواوی بە راستی و دروستیی لیستی کەمئەندامانی سەنگەر و شەهیدان و خانەنشیناندا چووینەتەوە، لەڕێگەی لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕەوە شایستە و ناشایستە لێک جیاکراونەتەوە."

شۆڕش ئیسماعیل سوپاسی رۆڵ و پشتگیری و پاڵپشتییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و گوتیشی، "چاوەڕێی زیاتریان لێدەکەین تاوەکو بگەینە ئامانجە دیاریکراوەکانمان."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وەزیری پێشمه‌رگه‌ جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین لە دروستکردن و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو، چونکە هەموومان دەزانین مەحاڵە بەبێ بوونی هێزێکی مۆدێرنی یەکگرتووی پێشمەرگە باس لە قەوارەیەکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بکەین، نە لە ئێستا و نە لە ئاییندەشدا."

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار