نێچیرڤان بارزانی: دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە

زاخۆ-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن و رایگەیاند، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "جارێکی دیکە لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە:
ئامادەبووانی بەڕێز، پێشمەرگە قارەمانەکان؛ فەرماندە و مامۆستا و راهێنەرانی رێزدار، دەرچووانی خۆشەویستی خولی 27ی بنەڕەتی لە کۆلێژی سەربازیی 2 لە زاخۆ و کەسوکاری ئەو ئازیزانە و هەموو لایەک بەخێربێن سەرچاو.
بەخێرهاتنی نێردەی وڵاتانی هاوپەیمان دەکەین، ئەوانەی لە شەڕی داعشدا هاوکاریی ئێمەیان کرد (هاوکارییان) بەرز دەنرخێنین و بەخێرهاتنیان دەکەین. بەخێرهاتنی نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر دەکەین، هەموو لایەک بەخێربێن سەر چاو.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەم لە زاخۆ لەگەڵ ئێوەی رێزدار بۆئەوەی هەموومان لە دڵەوە پێکەوە پیرۆزبایی لە یەک بە یەک لەو 499 دەرچووەی خولی 27ی بنەڕەتیی کۆلێژی سەربایی 2 لە زاخۆ بکەین. پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست و دایک و باوک و کەسوکاری ئێوە دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە، تەمەن درێژبن، سەرکەوتوو بن بۆ خزمەتکردنی وڵاتی خۆتان.
من دەمەوێت لێرە سەرەڕای پیرۆزبایی لە هەمووتان، پیرۆزباییەکی تایبەت لە ئەفسەر ئیلدات ئەبریم یەلدەخانی بکەم کە تاکە قوتابی و دەرچووی مەسیحییە لەو خولەدا. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر مەسیحی و تورکمان و ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکانیش بەشداربن.
زۆر دڵخۆشبووم لە کۆلێژی سەربازیی 3 لە قەڵاچوالان ژمارەیەک دەرچووی ئافرەتم بینی، پێشتریش لێرە ئافرەتان لەو خولانەی لە زاخۆ کراونەتەوە دەرچوونە. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر و بەرچاوتر لەوان ببینین.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ دەبینم دەرچووانی ئەو خولە خەڵکی هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن. بەشداریکردنی خەڵکی هەموو دەڤەرەکان لەو خولانەدا و پێکەوەبوونیان لە یەک شوێندا هاریکارییە بۆ یەکخستن و یەکبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
دەستخۆشییەکی تایبەت لە راگری کۆلێژی سەربازیی 2 لە زاخۆ دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستا و راهێنەرە سەربازییانە دەکەم کە بە درێژایی ئەو خولە قوتابیانیان فێری زانست و تەکنیکی سەربازی و گیانی باڵای پێشمەرگایەتی کردوون.
سوپاسی کاری بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرکەوتنی ئەو خولە و، هەروەها سوپاسی هاریکاریی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش دەکەم.
جێگەی دڵخۆشییە کە کۆلێژی سەبازیی 2 لە زاخۆ لە ئاستێکی هەرە باڵایە لە عێراقدا، لە کاتی دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1996 تاوەکو ئێستا 56 خولی بنەڕەتی و ئەفسەران لەو کۆلێژە دەرچوونە.
دامەزراندن و پێشخستنی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ هەردەم لە رۆژی دامەزراندنیەوە جێگەی بایەخی تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بووە.
بەناوی خۆم و ئێوەوە، سوپاسی جەنابی سەرۆک دەکەین، هەروەها لەو دەرفەتەدا 60 ساڵ بوون بە پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی و خزمەتی جەنابیان لەپێناو دۆزی رەوای کوردستان پیرۆز و بەرز دەنرخێنین.




