مهسرور بارزانی، پیرۆزبایی له سهرۆك بارزانی و پێشمهرگه قارهمانهكان و كهسوكاری شههیدان دهكا

ههولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێكی راگەیاند كە ئەمە دەقەكەیەتی..
بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەكان و بەشدارانی شۆڕشەكە و كەسوكاری سەربەزری شەهیدان دەكەم.
شۆڕشی گوڵان وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، خەونی دوژمنانی كوردستانی لەگۆڕنا كە دەیانویست گەلی كوردستان لە ناوببەن، بۆیە پەیامێكی بەهێزی گەلی كوردستان بوو كە ستەم و داگیركاری ڕەتدەكاتەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواكانی نابێت، لەم پێناوەشدا قوربانییەكی زۆر درا و چەندین داستان و نەبەردی مەزنیش لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندا تۆمار كران، دیارترینیان داستانی مێژوویی خواكوڕك بوو بە ڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی.
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە، كە خەباتی گەلی كوردستان لە پێناو پاراستن و بەرگریگردن لە دەسكەوت و دامەزراوە شەرعییەكانی، بەردەوامە و پێویستە خەڵكی كوردستان بە هەموو لایەن و پێكهاتەكانیەوە، داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی بكات كە بەخوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون.
لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێكی زۆرەوە یادی هەموو پێشمەرگە قارەمان و بەشداربووانی ئەم شۆڕشە دەكەینەوە، لە سەرووشیانەوە شەهیدی سەركردە ئیدریس بارزانی.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەهیدانی كوردستان .
مەسرور بارزانی
26ی ئایاری 2022




