وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە

ھەولێر-KDP.info- نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ناجێگری باری تەندروستی د. کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەستلەکار کێشانەوەی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کرد، سەرۆکی حکوومەت پەسندی کرد و بڕیاریدا د. کەمال وەک راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە بەپێی توانا و دۆخی تەندروستی لە خزمەتکردن بەردەوام بێت.
دەقی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:.
لە ماوەی رابردوودا باری تەندروستیی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مۆڵەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە بەڕێزیان بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بکات و پرۆسەی چارەسەریشی کاتی زیاتری پێویستە. لەبەر ئەو هۆیە بەڕێزیان بە ویستی خۆی، دەستلەکار کێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکوومەت کرد.
بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەتروشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاروباری وەزارەت نەبێت، بەڕێز سەرۆکی حکوومەت دەست لە کارکێشانەوەکەی پەسند کرد و بڕیاری داوە کە بەرێزیان وەک راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە، بەپێی توانا و دۆخی تەندروستیی، لە خزمەت بەردەوام بێت. لە هەمان کاتدا بەڕێز کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا راسپێردرا، بە وەکالەت کاروباری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێوە ببات.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2022/5/26




