سەرەتای مانگی داھاتوو پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، چوارشەممە ٢٥/٥/٢٠٢٢، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانی خستە ڕوو و ئاشکرای کرد، بڕیار دراوە لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و ھەموو لایەنەکانیش ھاوڕا بوون لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ھاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەبارەی ڕەوشی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەوە، ھیوادارین بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان کاریگەریی لەسەر ھێنانە ئارای کەشێکی سیاسیی سەقامگیر و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان ھەبێت.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: ''پەرلەمانی کوردستان موڵکی ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو موڵکی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەیش ژمارەیەک پڕۆژەپێشنیاز ئامادە کراون و ٣٤ یاداشتیش ئامادەن بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دانوستانیان لەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەیش نابێت کێشە سیاسییەکان ببنە ھۆکار لەبەردەم دەرکردنی پڕۆژەیاسا و ئەو ھەموو پڕۆژەیاسا و پێشنیازە ئەوەندە دێنێت کە پەرلەمان کۆ ببێتەوە.''
مەلا خالید ڕوونیشی کردەوە: ''کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو و تێیدا بڕیار درا لە ٢ی مانگی داھاتووەوە پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و ھەموو لایەنەکانی نێو پەرلەمان ھاوڕا بوون لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا، کە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە.''
لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە، زانا مەلا خالید گوتی: ''ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بە زەمینەسازی ھەیە و دەکەوێتە دانوستانی نێوان لایەنەکان، بەڵام ئەمڕۆ ھەموو لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کۆدەنگ بوون، چونکە ھەڵبژاردن مافێکی یاساییی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.''
قائید میرۆ




