٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: پێویستە لایەنەکان دەستپێشخەریی سەرۆکی ھەرێم بقۆزنەوە و لەدەست خۆیانی نەدەن

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێویستە ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی، لایەنەکان لەدەست خۆیانی نەدەن، چونکە ئەو دەستپێشخەرییە لە خێری میللەتی کورد و لایەنەکان و ھەرێمی کوردستان بەگشتیدایە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کورد لە عێراق ببێتە ھێزێکی بەھێز و کاریگەر.

عەلی عەونی، ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو گفتوگۆیانەی بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی دەستی پێ کردووە زۆر گرنگن، چونکە ڕێگای دیکەمان نییە و ئەگەر ئێمە یەک نەبین بەغدا سوود لەو دەرفەتەی ئێمە وەردەگرێت و فشار و گەمارۆ دەخاتە سەرمان بۆ ئەوەی مستەحەقاتەکانمان ببڕێت و ئەو ماددە دەستورییانە پێشێل بکات کە پەیوەندییان بە مافی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.''

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردنەوەی دەرگایەکە بۆ ئەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و لە دەستی نەدەن، چونکە ئەو کارەی سەرۆکی ھەرێم کردوویەتی، لە خێری میللەت و لایەنەکان و ھەرێمی کوردستان بەگشتیدایە.''

عەونی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر ئێمە یەکدەست بین، لە بەغدا دەبینە ھێزێکی کاریگەر و بەھێز کە فشار بکەین بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد بەگشتی، بە شێوەیەکی وا کە ڕێگری لە حکوومەتی عێراق بکات پێشێلی مافەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار