قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر لە کۆتاییدایە و ئەمساڵ تەواو دەبێت

ھەولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر گوتی، قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر لە کۆتاییدایە و ئەمساڵ تەواو دەبێت و بەڕووی شوفێراندا دەکرێتەوە .
کەیفی فارس، سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دروستکردنی قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری بەردەوامە و ئێستا ٧٥%ی، واتا لە ڕێی شەقلاوە تا ڕێگای کۆیە تەواو بووە و کارەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و پردەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات و پێش کۆتاییی ساڵ ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت.''
سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمساڵ پێش ئەو وادەیەی بۆ ئێمە دیاری کرابوو، تەواو دەبێت و، بۆ سەری ساڵ بە ڕووی شوفێراندا دەکرێتەوە، چونکە سەر پردەکان ھەندێک کاری ماوە کە قیرتاو بکرێن و لە شوێنەکانی دیکەش قیرتاو دەکرێت.''
کەیفی فارس باسی لەوەش کرد: ''ئێمە سێ قات قیر لە شەقامەکە دەدەین و دووانی دەکرێت و لە کۆتاییدا قاتی سێیەمیش دەکرێت و تەواو دەبێت، ئینجا بۆیاغی شەقام و دانانی ھێمای ھاتوچۆ و وردەکارییەکان دەمێنێت.''
گوتیشی: ''جگە لەمە، قۆناغی سێیەمی شەقامەکەش کاری تێدا دەکرێت و بەردەوامن لە کارکردن.''
شەقامی ١٥٠ مەتریی بازنەییی خێرا لە ھەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت و درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە کە دروستکردنی شەقامەکە بەسەر پێنج قۆناغدا دابەش کراوە و ئێستا خەریکە قۆناغی دووەم تەواو دەبێت و کارکردن لە قۆناغی سێیەمیشدا دەستی پێ کردووە.''
بڵند ئیبراھیم




