٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژمارەیەک لە یەکەکانی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا چەند بڕیارێکی لەبارەی کارەباوە دەرکرد و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا لە گەرمای ئەم هاوینەدا، ژمارەیەک لە یەکەکانی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن.

ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا بەڕێوەچووه‌. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی کار و پڕۆژەکانی کارەبا کراوە و چەند بڕیارێک دراون.

له‌ به‌شێكی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه‌، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا لە گەرمای ئەم هاوینەدا، ژمارەیەک لە یەکەکانی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن. هەروەها کارەبای بەردەوام بۆ ناوەندەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی 12 ئامادەیی دابین دەکرێت.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پێوەری زیرەک تەواو دەکرێت و کار بۆ زیادکردنی ژمارەی هاوبەشی نوێ لە پێوەری زیرەک دەکرێت كه‌ تاوەکوو ئێستا یه‌ك ملیۆن و 266 هه‌زار و 328 پێوەری زیرەک بەستراون.

وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شێوازی پری پەید (prepaid) بۆ پێدانی کارەبا بە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکرێتە ئەزموونێک بۆ پێدانی هاوشێوەی کارەبا بە شوێنەکانی دیکە و لە هەموو پارێزگاکان نموونەیەک بە هەمان شێوە جێبەجێ دەکرێت.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار