٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی خەلیل: داعش لە سووریاوە ڕێگەیەکی کردووەتەوە بۆ عێراق

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، زیادبوونی جووڵەی داعش سەرتاسەرییە و ماوەیەکە لە سنووری مووسڵەوە ڕێگایەکیان کردووەتەوە و داعش لەو ڕێگایەوە چەکدارەکانی لە سووریاوە دەگوازێتەوە بۆ ھەموو عێراق.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ماوەی چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش زنجیرەیەک کردەوە و ھێرشی تیرۆریستیان کردووە و ھەموو کردەوەکانیان پێکەوە بەستراوەتەوە، دەزانین لە شەو و ڕۆژێکدا چەندین ھێرشی تیرۆریستی کراوە و سنووری پارێزگای مووسڵیش بەدەر نەبووە لەو ھێرشانەی ڕۆژانی ڕابردووی داعش بۆ تێکدانی ڕەوشی عێراق.''

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: ''داعش ماوەیەکە لە باشووری مووسڵ دەستی بە جووڵە کردووە، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕێگایەک لە نێوان شنگال و تەلەعفەر ھەیە و لەوێ بۆشاییی ئەمنی ھەیە، داعش چەکدارەکانی لەوێوە دەنێرێتە مووسڵ و لە ڕێگەی گەیارە و شەرگاتەوە بە سەر ناوچەکانی عێراقیدا دابەش دەکات، بەکارھێنانی بۆشاییی ئەمنی سوودی بە جووڵەی داعش گەیاندووە.''

عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ھەماھەنگیی پێویستیان لە نێواندا نییە، ئەوەیش بووەتە ھۆکاری دەرفەتدان بە جووڵەی داعش، لە دەوروبەری مووسڵ داعش مەترسیی پەیدا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە توانای ھێرشی هەبێت، بەڵام بڕوا ناکەم بگاتە ئاستی ئەوەی ناوچەیەک داگیر بکات.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار