٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: ھەڵگرتنی باج کاریگەری لەسەر بازاڕ ھەبووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ھەڵگرتنی باج لەسەر ھاوردەکردنی ژمارەیەک ماددەی خۆراکی کاریگەری کردۆتە سەر بازاڕ و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵێ، کۆگاکانی ھەرێم بەڕێژەیەکی بەرچاو کاڵایان تێدایە و مەترسی ھیچ قەیرانێک ناکرێت وەک پێشتر کە خەڵک چاوەڕێی دەکرد بەھۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکرد گۆڕانکاری بەسەر نرخی کاڵاو خۆراکدا ھات لەسەر ئاستی جیھان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەپێناو ئەوەی نرخ زۆرتر بەرز نەبێتەوە بڕیاری دا باج لەسەر ھاوردەکردنی ژمارەیەک ماددەی خۆراک ھەڵگرێت و لە ٢٧ی نیسانەوە بڕیارەکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن، بێگومان بڕیارەکە کاریگەری ھەبوە لەسەر بازاڕ، چونکە ئەگەر نەبێتە ھۆکار کەمکردنەوەی نرخ ناھێلێ نرخ زیاتر بەرز ببێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت: "وەزارەتی بازرگانی لیژنەکانی فراوانتر کردووە بۆ چاودێری بازاڕ و ڕێگا نادرێت ھیچ کەسێک دەرفەت لە قەیرانەکان ببینێ بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و بەردەوام چاودێری نرخ دەکرێت لە بازاڕدا".

نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیکردەوە: "مەترسی لەسەر بازاڕ نەماوە وەک پێشتر، چونکە خۆراکێکی زۆر لە کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان دا ھەیە و بەھۆی زۆری کاڵا و خۆراک لە کۆگاکان بەشێکی بەسەرچووە ماوەکەی، ئێستا بازاڕ جێگیرە و نرخ بەرەو کەمبوونەوەیە نەک بەرزبوونەوە، چونکە کاڵایەکی زۆر ھاوردەکراوە و ئەو مەترسیەی پێشتر ھاووڵاتیان چاوەڕێیان دەکرد ڕەویوەتەوە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار