لیوا قارەمان کەمال: بۆشایی ئەمنی ھۆکاری ھێرشەکانی داعشە لە ناوچە کوردستانیەکان

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئۆپەڕاسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ھۆکاری ھێرشەکانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچە کوردستانیەکان ھەیە، بە تایبەت لە باشوری کەرکوک، بۆیە تا بۆشایی ئەمنی پڕنەکرێتەوە داعش لە ھێرش و کردەوەکانی بەردەوام دەبێت.
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئۆپەڕاسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھۆکاری ئەو ھەموو ھێرشەی داعش لە ناوچە کوردستانیەکان بۆ بۆشایی ئەمنی دەگەرێتەوە بە تایبەت باشوری کەرکوک تا دەگاتە دووز خورماتوو کە گەورەترین بۆشایی ئەمنی لێیە و داعشیش دەرفەتی ئەو بۆشایەی کردووە، بۆیە تا بۆشاییەکە پڕنەکرێتەوە ھێرشەکان بەردەوام دەبن، چونکە نە پێشمەرگە و نە سوپای عێراقی لێیە و ھێزی عێراقیش وەکو پێویست بۆشاییەکەیان پڕنەکردۆتەوە".
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: "چارەسەری پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ئەو دوو لیوایەی بڕیاری لێدراوە بە ھاوبەشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبھێندرێن و پێویستە لەو ناوچانە جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی پڕبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی ئەوەی بوودجەیان بۆ دیارینەکراوە ئەو دوو لیوایە دروست نەکراون، بۆیە ئەو بۆشاییە ھەیە تا بەو شێوەیە بێت داعش ھەر دەبێت و ھێرش دەکات و کردەوە ئەنجام دەدەن".
بڵند ئیبراھیم




