٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: ڕاپۆرتێک لەبارەی وشکەساڵییەوە ئامادە کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی، خەریکی ئامادەکردنی پلانە و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، ڕاپۆرتێک لەبارەی زیانەکانی وشکەساڵییەوە ئامادە کراوە و حکوومەت پلانی ستراتیژیی بۆ وشکەساڵی دەبێت.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێداچوونەوە بە ڕەوشی وشکەساڵیدا کراوە و لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕاپۆرتێک لەبارەی مەترسی و زیانەکانی وشکەساڵی ئامادە کراوە و پێشکەشی سەرۆکایەتیی حکوومەت کراوە، لە ڕاپۆرتەکەدا بەوردی باس لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کراوە تاکوو حکوومەت ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی بکات.''

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە دەمانەوێت حکوومەت پلانی ستراتیژیی ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.''

کەریم سلێمان گوتیشی: "گۆڕانکاری بەسەر کەشوھەوادا ھاتووە و عێراق و ھەرێمی کوردستانیش یەکێکن لەو وڵاتانەی بەر گۆڕانکارییەکە کەوتوون، بێگومان زیانی زۆری ھەیە بۆ سەر زۆربەی کەرتەکان، لەبەر ئەوەش دەمانەوێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ستراتیژیی خۆی ھەبێت بۆ گۆڕانکارییەکە، بەشێکی زۆری جووتیاران بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەر کەوتووە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار