سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ سلێمانی لەم دۆخە ھەستیارەی ناوچەکەدا پێداویستییەکی مێژوویی بوو

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-ھەڵبجە گوتی، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەم دۆخە ھەستیارەدا پێداویستییەکی مێژوویی بوو و ئەنجامەکەیشی ئیجابی بوو، بۆیە ئەگەر لایەنەکان ھاوکار بن ئەم دۆخە تێ دەپەڕێندرێت، چونکە ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە و پێویستە کورد خۆی بۆ ئامادە بکات.
فارس نەورۆڵی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-ھەڵبجە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بۆ سلێمانی، بەتایبەت لەم دۆخە ھەستیارەی ناوچەکەدا پێداویستییەکی مێژوویی بوو، چونکە کوردستان بە شێوەیەکی ناتەندروست بەڕێوە دەچوو کە وای کردبوو کاریگەری بکاتە سەر ژیان و سایکۆلۆژیای خەڵک، ئەم سەردانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ سلێمانی و دیداری لەگەڵ حیزبەکان تا ڕاددەیەکی باش ئەو ھەرای دووئیدارەیی ھەبوو ڕەواندییەوە و ھەنگاوێکی زۆر باش بوو و خەڵکیش پێی خۆش بوو کە عەقڵانی بیر دەکەنەوە، چونکە لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی گەورە ھەیە و کورد پێویستە خۆی بۆ ئامادە بکات، بۆیە پێم وایە حیزبەکانیش ڕوئیایەکیان بۆ دروست بووە کە تەجاوزی ئەم قۆناغە بکەن کە جۆرێک لە فەوزایە.''
فارس نەورۆڵی گوتیشی: ''سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی باشی ناوە و لایەنەکان ھاوکاری بن، بەتایبەت یەکێتی و پارتی، ئەنجامی باشی دەبێت و ئەم قۆناغەی ھەیە تێ دەپەڕێندرێت.''
نەورۆڵی ڕوونیشی کردەوە: ''ھەڵوێستی لایەنەکان کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی کردوون باش بووە و بە ڕاشکاوی گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان بەگشتی زۆر ئیجابی بوون و پێشوازییەکی باشی لێ کرا، تەنانەت لەسەر ئاستی شەقامیش.''
بڵند ئیبراھیم




