پەرلەمانتارێکی پارتی: کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دوا خرا
__2022_05_23_h16m23s59__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیار بوو سبەی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆ ببنەوە و پەرلەمانتارێکی پارتییش ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە دوا خرا بۆ ڕۆژی چوارشەممە و دەڵێت، کەشی سیاسی لەبارە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان.
خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دوا خرا بۆ ڕۆژی چوارشەممە، بەڵام کەشی سیاسی لەبارەی بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەتایبەتی دوای دەستپێشخەریی پارتی و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەریی کردووەتە سەر کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەگەر نێوان لایەنەکان ھێور بێتەوە ئەوە بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش، چونکە بەھۆی ئاڵۆزیی نێوان لایەنەکان ڕەوشەکە بەگشتی ئاسایی نەبوو.''
لەبارەی مەرجەکانی پارتی بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، خەدیجە عومەر ڕوونی کردەوە: "ھیچ لایەنێک مەرجی پێشوەختەی نییە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەی داھاتوو لێکتێگەیشتن ھەبێت بۆ ئەوەی لە مانگی داھاتوودا پەرلەمانی کوردستان دوای ٨٠ ڕۆژ لە ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە.''
قائید میرۆ




