٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمەڵی دادگەری: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای حزبەكان پێویست بوو

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -KDP.info- سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای سلێمانیی كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆ بووەوە، كۆمەڵی دادگەری یەكێك لەو حزبانەیە کە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەردانی كردوون و ئەوانیش سەردانەکە بە هەنگاوێكگی باش بۆ یەكگوتاری و یەكڕیزی دەبینن.

لەو بارەیەوە، شوان ڕابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ لای لایەنە سیاسییەكان باش و پێویستە، لەبەر ئەوەی لەم بارودۆخە چەقیوەی لە عێراق و كوردستاندا هەیە، هەندێ كێشە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبووە، ئەگەر كێشەكان لە نێوان ئەواندا چارەسەر بكرێن، ئەوە بەشێكی زۆری كێشەكان نامێنن.''

شوان ڕابەر دەڵێت: ''پێویستە سەردانەكان لەسەر حسابی كەسی تر نەبن و، كێشەكان چارەسەر بكرێن و خێر و خۆشی بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگا و وڵاتمان، بۆ ئەوەی خەڵك متمانە بە حزبەكان بكەن و پاشان لای حزبەكان ڕوحیەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و قوربانیدان و خزمەتكردن زیندوو بێتەوە.''

گوتیشی: "ئەگەر سەردان و كۆبوونەوەكان تەنها بۆ سەردان بێت و هیچ شتێك چاك نەكرێت، خەڵك زیاتر نیگەران و زیز دەبن، چونكە خەڵك ئێستا زۆر تووڕە و نیگەرانن، بۆیە زۆر زەروورە دەسەڵات گۆڕانكاریی گەورە و چاكسازیی بنەڕەتی بكات و قوربانی بە خۆی بدات بۆ چاکكردن.''

باسی لەوەش کرد: "لێك دووربوونی حزبەكان خراپە و دەبێت لایەنە دەسەڵاتدارەكان بە چاکكردنی وەزعەكە وا بكەن حزبەكان متمانەیان پێ بكەن و پێكەوە كۆ ببنەوە و نابێت حزبە دەسەڵاتدارەكان حزبەكانی تر بەكار بێنن و كاتێك پێویستیان پێیانە، بڵێن یەكبوون زەروورە و لە كاتی تردا پشتیان تێ بكەن، بارودۆخی كوردستان چاك بكەن و حزبەكانیش متمانەیان پێ دەكەن و بەدەمیانەوە دەچن".

دەشڵێت: "ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لای حزبە سیاسییەكان ئەنجامی باشی نەبێت، كۆتایی بە كێشەكان نایات.''

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار