سهركردهیهكی یەکێتی: پێویستە سوپاسی سهرۆكی ههرێم بکەین.. ئەم سەردانە بۆ بەتەبایی بوو

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتی، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان کرانەوە و زەمینە خۆشکردنێکی باش بوو، بۆ ئەوەی لەداھاتوو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی، ھاوکات پێویستە ھەموو لایەک تەبا و ھاوکاربن، بۆیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەئەرکی خۆی ھەڵساوە و پێویستە سوپاسی بکەین.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەدڵنیاییەوە یەکڕیزی لە کوردستان بۆ ناوخۆ و پەیوەندی لەگەڵ عێراق و دەرەوەی عێراقیش پێگەی کورد بەھێزتر دەکات و ھەموو داخوازیەکانیش تەنھا بە یەکڕیزی دێنەدیی ھەموو ئهو گێچەڵ و شەڕانەی پێشمان دەفرۆشرێت بەھۆی نەبوونی یەکڕیزییە و ناحەزەکان بە فورسەتی دەزانن، ھاوکات ئەم ھەوڵوتەقەلایانەی ئەم دواییانە سەریگرت لە ڕاگرتنی ھەڵمەتی میدیای ھەموولایەک، کە کارێکی باش بوو، ھەروەھا سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی ھەم سەرپەرشتیکردن و دەستپێکردنی مەراسیمی دەرچوونی ئەو خولانەی پێشمەرگە و ئەفسەر و سەردانی لایەنەکانیش کرانەوەیەکی باش بوو لەبەردەم گفتووگۆکانی داھاتوو بە ئومێدی ئەوەی بگەینە یەک پڕۆژەی ھاوبەش".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "ئەوەی گرینگە ئێستا یەکێتی و پارتی ئومێد دەکەین بگەنە یەک و لایەنەکانی دیکەش لە کوردستان بۆ یەکڕیزی و جێبەجێکردنی داخوازیەکانی خەڵک و ھەموو لایەک و شەقامی کوردیش پێی خۆش دەبێت".
پیرە ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە گفتووگۆی لایەنەکان دەستپێبکات، چونکە ئەوەی کرا کرانەوەیەک بوو و زەمینە خۆشکردن بوو، بۆ سازدانی پێکەوە ئیشکردن و گفتووگۆ لەھەمانکاتدا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە".
ناوبراو وتیشی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەکاری خۆی ھەڵسا و ئەو سەردانەی بۆ سلێمانی کرانەوەیەکی باشی ههبوو، بەڵام ئەو گفتووگۆیانە بۆ ئەوەیە بگەنە ئەنجامێک، پێویستە ھەموو لایەنەکان دەستیان تێدابێت و ھاوکاربن، بۆیە ئەم سەردانە بۆ بەتەبایی ھەموولایەک بووە و لە داھاتووشدا پێویستە ھەموو لایەک بیانەوێت ئەو گفتووگۆیە بەردەوام بکەن و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش وەکو دامەزراوەیەکی فەرمیی کە بەو کارە ھەڵدەستێت پێویستە سوپاسی بکەین".
بڵند ئیبراھیم




