٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر –KDP.info- لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو تەواو دەکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان تەرخان کراوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی مەسرور بارزانی، بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەرکردووە و ھەندێک لەو پڕۆژانە پێشتر بە ڕێژەیەک کاریان تێدا کراوە، لەوانەش لە سنووری پارێزگای دھۆک پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە ٧٥%ی تەواو کراوە و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت بە تەواوەتی بکەوێتە کار بۆ نەھێشتنی کێشەی کەمئاوی لە شارۆچکەی ئاکرێ.''

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەشڵێت: ''لە پارێزگای ھەولێر پڕۆژەی ئاوی بارزان جێبەجێ دەکرێت کە ئاو بۆ سنووری قەزای مێرگەسۆر دابین دەکات، لەگەل پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە قەزای چەمچەماڵ، ئەویش لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، ھەروەھا پڕۆژەی ئاوی دەربەندی ڕانیە و فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی دووکان دوو.''

ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''چەندین پڕۆژەی دیکە پلانیان بۆ دادەنرێت و ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ نەھێشتنی کێشەی ئاو بەردەوامە، بەتایبەتی ئەمساڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی وشکەساڵی و پێویستە لەو شوێنانەی پێویستن ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار