٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عومەر نوورەدینی: داواکاریی نێچیرڤان بارزانی، عێراق لە کێشەی گەورە ڕزگار دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر دوو داواکاریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بدات لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و، شرۆڤەکارێکی سیاسییش پێی وایە ھەردوو داواکارییەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەنجومەنی ئاسایش گرینگیی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ھەردوو پرسی ھەڵبژاردن و خاک و سامانە سروشتییەکان دەبێت.

د. عومەر نوورەدینی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەردوو بابەتی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە ڕووبەڕووی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی کراونەتەوە، گرینگن و ھەنگاوەکە لە شوێنی خۆیدایە، بە درێژاییی مێژووی عێراق چارەسەرنەکردنی عادیلانەی دۆزی گەلی کوردستان و یەکلاکردنەوەی کێشە گرینگەکانی وەک کێشەی خاک و سامانە سروشتییەکان ھۆکارێک بوون لە ھۆکارەکانی لاوازیی دەوڵەتی عێراق و بەردەوامیی توندوتیژی و مانەوەی عێراق لەنێو ھەڕەشەی گەورەدا، بەرپرسیاریەتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدار و نوخبە سیاسییەی بە درێژاییی مێژوو لە بەغدا خاوەنی دەسەڵات بوون.''

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: "چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، یان ئەوانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورەوە، کاریگەریی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت، ھەروەھا لەسەر نەمانی ھۆکارێکی گرینگ لەسەر نەمانی ھەڕەشە بۆ سەر عێراق، بایەخدان بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێوخۆی وڵاتانیش لە سەردەمی ئێستادا ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، کە کار بۆ ئەوە بکات لە ڕێگەی دانوستانی نیشتمانی و ناوخۆییی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لە ڕێگەی دەستوور و لێکتێگەیشتن پرسی ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکان یەکلا بکرێتەوە، ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورە بۆ عێراق چارەسەر دەکات و عێراق بەھێز دەکات.''

لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانەوە د. عومەر نوورەدینی ڕوونی کردەوە: "ئاشکرایە ڕۆژی ٦/١١/٢٠٢٢ ماوەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی یاسایییەوە کۆتاییی دێت و بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت، بەوەیش لە ڕێگەی گەلەوە شەرعیەت بۆ حکوومەت نوێ بکرێتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەڵەوتی گرینگیی خۆی ھەیە، ھەموو وڵاتانی زلھێز و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیان ڕاگەیاندووە، پێویستە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، پشتیوانیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و ھەم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ھەڵبژاردن دەبنە ھۆکارێکی یاریدەدەر، تا ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات لە کاتی خۆیدا.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار