٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی: ھاتنی لە دەرەوە بۆ ھەرێم دەستی پێ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھێنانی بەنزین لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی مەرجی ھاوردەکردن قورسە، پێویستە مەرجەکان کەم بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتر بەنزین بێتە ھەرێمی کوردستان.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی ماوەیەک بوو ھاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتی ئێران ڕاگیرابوو، ئێستا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دراوە دەست پێ بکاتەوە و ئێستا لە ڕێگەی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بەنزین ھاوردە دەکرێت، بەڵام ڕێژەکەی کەمە و وەکو پێویست نییە بەھۆی قورسیی مەرج و ڕێکارەکانی ھاوردەکردنی بەنزینەووە.''

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: ''پێویستە حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مەرجەکان کەمتر و سووکتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتری بەنزین ھاوردە بکرێت و نرخەکەشی ئەرزانتر بێت، چونکە ئەو ڕێژەیەی دێت وەکوو پێویست نییە و کەمە، بۆیە ئەگەر ئاسانکاری بکرێت بێگومان کاریگەریی لەسەر ڕێژەیەکی زیاتری ھاوردەی بەنزین دەبێت و نرخەکەیشی ئەرزانتر دەبێت.''

 

بڵند ئیبراھیم 


 

هەواڵی پەیوەندیدار