دەقی گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ٢٠٢٢/٥/٢٢ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی دوو خولی سه‌ربازیی کۆلێژی سه‌ربازیی سێی قه‌لاچوالاندا کرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا که ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی باڵای حکوومی و حزبی و سه‌ربازی ئاماده بوون، سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
بەڕێزان فەرماندە و مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەربازی،
کەسوکاری ئازیزى دەرچووان..

هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنی برای به‌ڕێز و خۆشه‌ویستم كاكه بافل سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌م.
ڕۆژتان باش و هه‌موولایه‌كتان بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خۆشەویستترین کەسانێکی کوردستانین کە ئەوانیش پێشمەرگە قارەمانەکانن به‌شدار ده‌بم.
سەرەتا دەمەوێت دەستخۆشی لە هەموو مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەربازیی هەردوو خولی (16)ی بنەڕەتی و (6)ی پێگەیاندنی ئەفسەران بکەم. ئێوە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگ لەگەڵ خولی بنەڕەتی، نۆ مانگیش لەگەڵ خولی پێگەیاندنی ئەفسەران ئەرکتان کێشا. کارهكهتان شایانی دەستخۆشی و پێزانینێکی زۆره.
دەستخۆشی لە ڕاگر و کارمەندانی کۆلیژی سەربازیی (3) لە قەڵاچوالان دەکەم کە لەو ماوەیەدا زۆر ئەرکیان کێشاوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی سەرکەوتنی ئەم دوو خولە.
ڕۆڵی کۆلیژی سەربازیی (3)، لە پێگەیاندنی پێشمەرگە و هێزی سەربازیی عیراقدا، ڕۆڵێکی دیار و جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە. هەر لێرەدا پێویستە بڵێم: کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، یادگارێکی گرنگی سەرۆک مام جەلالە. گیانى شاد و یادى هه‌میشه به خێر.
پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی ئەو (٥٠٣) ئه‌فسه‌ره ده‌رچووه دەکەم کە لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانەوە، تیایدا بەشدار بوون. پیرۆزباییه‌كی تایبه‌تی ئارسته‌ی ئه‌و كچانه ده‌كه‌م كه له‌م خوله‌دا به‌شدار بوون و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و سوێندیان خواردوه كه له‌گه‌ڵ كوڕانی ئه‌م وڵاته هه‌میشه ئاماده بن بۆ به‌رگری له خاك و ده‌ستكه‌وته‌كانی و پیرۆزبایی تایبه‌تییان لێده‌كه‌م و هیوادارم نموونه‌یان له كوردستان هه‌ر زۆر بێت. دڵنیام هەمووتان لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە زۆر فێر بوونە و دەتوانن خوێن و هێزێکی تازە بخەنە ناو هێزی پێشمەرگه‌وه.
پیرۆزبایی لە دایک‌وباوک و کەسوکاری دەرچووان دەکەم. سوپاسیان دەکەین کە ڕۆڵەکانیان پێشکەش به هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووه. دەستخۆشی لە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی فیدرالیی عیراق دەکەین، بۆ هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ کۆلیژی سەربازیی.
خەڵکی کوردستان و عیراق..

پیرۆزبایی لە ئێوە دەکەم، کە ئەمڕۆ لێرەدا دەرچوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە دەبینن، چونکە ئەمانە دەبنە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەروەریی عیراق. پاراستنی سەروەریی عیراق لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییەک و ناوچەیەکی عیراقدایە.
پاراستنى عیراق زۆر بەلای ئێمەوە گرنگە. بە هەمان شێوە پێویستە پاراستنى هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە دەوڵەتی عیراق، بەلای هەموو عیراقییەک و هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عیراقەوە جێگەی بایەخ بێت و وەک ئەرکێکی هاوبەش تەماشا بکرێت. بەهێزبوونی عیراق، پارێزراوبوونی بەرژەوەندییەکانی گه‌لی عیراق، دەبێتە مایەی بەهێزبوونی هەموو ناوچەکانی عیراق، به هەرێمی کوردستانیشه‌وه.
فیدرالیش بۆ ئاسانکردنی بەڕێوەبردنی کاروبارە ناوخۆیییەکانی وڵات و یەکسانیى نێوان پێکهاتە و ناوچەکانی عیراقه. فیدرالی، سەروەریی عیراق لاواز ناکات، بەڵکو هاوبەشیمان له وڵاتی عیراقدا بەهێز دەکات. دەستووری عیراقیش کاتی خۆی بەو هەست و تێگەیشتنە نووسراوەتەوە، لەبەرئەوەش ئێمە هەمیشە داوا دەکەین بەپێی دەق و ڕۆحی ناو دەستوور، هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتردا بکەین كه ئێمه پێمان وایه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بێت هه‌موومان براوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیین له عیراقدا.
ئەوکاتەی سنوورەکان، دەسەڵاتەکان و بڕیارەکانی عیراق لە دەستتێوەردانی دەرەکی پارێزراو دەبن، ئەمە لە بەرژەوەندیی ته‌واوى عیراقدایە. ئەوکاتەی هەموو هەرێم و پارێزگا و ناوچەیەکی عیراق پارێزراو دەبێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو عیراقییه‌كاندایه. ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە له هه‌رێمی كوردستان، پێشمەرگەش بەو هەست و باوەڕە پەروەردە دەکرێت.
هەر لەبەرئەوەشە بە شانازییەوە دەڵێین: دوای ڕووخاندنی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، ئاسایشى چه‌ند جێگه‌یه‌كی به‌غدا و په‌رله‌مانى عیراق بە پارێزراوی مانەوە چونكه پاراستنیان ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو. بە شایەتیی هەموو لایەک پێشمەرگە بە شێوەیەکی زۆر پیشەیی ئەرکی خۆی بەڕێوەبرد و ئێستاش هه‌ندێك له‌و شوێنانه بەڕێوە دەبات.
هەروەها له شەڕی داعشدا، پێشمەرگە هاوبەش و پشتیوانێکی بەهێزی سوپا و هەموو هێزە چەکدارەکانی عیراق بوو لە پاراستنی پارێزگای کەرکووک و دیالە، لە ڕزگارکردنی بەشیر و مووسڵ و زۆر شوێنى دیكه‌ی عیراق. بۆیه لێرەوە داوا لە هەموو عیراقییەک دەکەم: دژی ئەو هێرشانە بێت کە گرووپە یاساشکێنەکان لە ناوخۆی عیراقەوە ده‌یكه‌نه سەر هەرێمی کوردستان و هەولێرى پایته‌خت.
ئەم گرووپانە بەم کارانەیان ڕێگە خۆش دەکەن بۆ بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و پشێوی لە عیراق. ئەمانە دەیانەوێت زەمینەی پێشێلکردنی سەروەریی عیراق بەردەوام بێت. ئارامیی هه‌موو شار و شوێنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق به‌گشتى، ئارامیی هه‌ولێر و نه‌جه‌ف، سلێمانی و به‌سره، دهۆك و ئه‌نبار یه‌كن و هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. سەروەریی هەموومان هاوبەشە لە عیراقدا، بە هەمان شێوە بەرژەوەندییەکان و سەرکەوتن و شکستەکانیشمان هاوبەشن.
هەروەها دەمەوێ لەم ڕێوڕەسمەدا، داوا لە به‌ڕێزان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عیراق، وەزیری بەرگرى و سەرۆک ئەرکانی سوپای عیراق بکەم، کە هەروەک لە دەستووری عیراقدا هاتووە، وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عیراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکەن.
هەروەها زۆر پێویستە پەلە بکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش کە بڕیاری لێدراوە، بۆ ئەوەی ڕێگه لە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بگرین. بەداخەوە ڕۆژانە دانیشتوانی گوند و شارۆچکەکانی سنوورى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوور، پێشمەرگە، سوپا و حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەکەونە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش.
له‌به‌ر زۆربوونی هێرش و كرده‌وه‌كانى داعش لەو ناوچانە، ئاساییکردنەوەی دۆخی شه‌نگال، کەرکووک، مەخموور، خانەقین، گوڵاڵە و ناوچەکانی دیکە، لە هەموو کات زیاتر پێویستە بۆ سه‌قامگیری له عیراق و كوردستاندا. دەبێ هەموومان هاوکار بین تا ڕێگە لە بەهێزبوونەوەی زیاتری داعش بگرین. بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەو هاوکارییە تێکبچێت کە له شه‌ڕى داعشدا، لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا هاته ئاراوه.
ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی ئەم دواییە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا دژی داعش کران، کارێکی زۆر سەرکەوتووانە بوون، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستی بە کارێکی هاوبەشی بەردەوامە. دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا، لەو بوارەدا هەنگاوێکی باش دەبێت.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان..
تا ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانیی (1) و (2)، هەروەها (٢٢) لیوای هێزەکانی (٧٠) و (٨٠) خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانان. بەڵام ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە، پێویستی بە کار و هه‌نگاوی خێراتر و بە متمانەیە.
پێشمەرگە لەکاتی شەڕی داعشدا قارەمانییەکی ئەوتۆی نواند کە بووە جێگەی دەستخۆشیی گەلان و گەورە سەرۆکەکانی جیهان. وه‌ك هه‌میشه بووه مایه‌ى شانازیى گه‌لى كوردستان. بۆ پاراستنى شانازى و ڕێز و خۆشه‌ویستیى پێشمه‌رگه، ده‌بێ یه‌كبخرێنه‌وه.
ڕاستە بەپێی یاسا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەرکی فەرماندەییی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر شانە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبه‌جێ بكرێت، دەبێ پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن کە دەستی حزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن. ده‌بێ کۆتایی بە دەستتێوەردانی حزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن. بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە دەست پێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا، ئەوی جێبەجێش کراوە، هەڵدەوەشێتەوە.
یەکنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان وایکردووە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ کار لە ئاسایش و دەروونی هاووڵاتییان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی بکات. وایكردووه خه‌ڵك چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕیش بکەن کە بە خۆشحاڵییەوە لە کاتی ناکۆکییە هه‌ره سه‌خته‌كانیشدا، من هه‌میشه ئەوەم زۆر به دوور بینیوە.
بەڵام نیگه‌رانى، مەترسی و هەستیاریی خەڵکی کوردستان، دەبێ بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بێت. ده‌بێ هاندەرمان بێت بۆ به‌جێهێنانى ئەو بەڵێنانەی حزبەکانمان به گه‌لی كوردستانیان داوه.
بۆ سوێندى هەریەک لە ئێمە بەرامبەر گەلی کوردستان و ڕۆحی شەهیدانمان، کە بەڵێنمان داوە پێشمەرگە بكه‌ینه هێزێکی نیشتمانیى دوور لە کارپێکردن و دەستتێوەردانی حزبی. ڕێگە بگرین لە لەتبوونی خاک و گەل و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان.
ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە ڕۆحی شەهیدان بگرین، ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە خه‌باتی پێشمەرگە و فیداكاری و قاره‌مانێتیی ئه‌و پێشمه‌رگانه بگرین كه له‌پێناو پاراستنی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانیان سه‌ریان دانا و خوێنیان ڕشت، ئەگەر بمانەوێت خۆشەویستیی پێشمەرگە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا بهێڵینەوە و قارەمانیه‌تیی پێشمەرگە لەبەرچاوی جیهان نەشکێنین، دەبێ دەستتێوەردانی حزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا به زووترین كات ده‌بێت كۆتایی پێ بهێنین. زۆر ئامانجی ڕەوا و پیرۆز و گەورە هەن كه حزبه‌كان لە کوردستان و عیراق، ده‌توانن پێیانەوە سەرقاڵ بن و كاری بۆ بكه‌ن و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن.
نابێ حیزبەکان لە کێشانەوەی دەستی خۆیان لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە گومان بن، چونکە حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوو دەزگای نیشتمانیی جێگەی متمانەی خەڵک و حیزبەکانی کوردستانن، پەرلەمانی کوردستانیش وەک دەزگای هەره باڵای چاودێری، بەسەر هێزی پێشمەرگەوە چاو‌دێر دەبێت.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
بۆچی پێویستە پەلە بکەین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنێکی متمانەداری پێشمەرگە؟
شەڕی گەورە و فراوانی ئێمە لەگەڵ داعش وایکرد باشترین ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتان هاوکاریی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە بکەن. ئەو هاوکارییە ئێستاش بەردەوامە و جێگەی ڕێز و سوپاس و پێزانینی گه‌لی كوردستان و حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه. هاوپەیمانان پرۆژەیەکی زۆر باشیان دەستپێکردووە بۆ بەخشینی ڕاوێژ و هاوکاری بە پێشمەرگە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنێکی بە بەرنامەی پێشمه‌رگه.
ئەمە دەرفەتێکە دەبێ حیزبەکان ئه‌م ده‌رفه‌ته لە دەست پێشمەرگە و له ده‌ست گەلی کوردستانی نەدەن. هاوپەیمانان هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام خۆیان ناخەنە ناو کێشە و ململانێیەکانی پارتی و یەکێتی لەناو هێزی پێشمەرگەدا.
داوا لە حکوومەتی فیدرالیی عیراقیش دەکەم كه زۆر به جددی پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات، چونکە ئەوە دەستکەوتێکی نیشتمانیی عیراقییە و پێشمەرگە به شانازییه‌وه بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عیراق. لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سەلماندی کە پارێزەری هەموو خەڵکی عیراقه و بۆ سوپای عیراقیش پشتیوانە.
هەروەها دەبێ بە جددی دەستبکەین بە بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لەناو هێزی پێشمەرگەدا. زۆر پێویستە تورکمان، ئاشووری، کلدان، ســریانی، ئێزدى و هەمـوو پێکهاتـەکان بە ڕێژەی بەرچاو بەشدار بن لەناو هێزی پێشمەرگەدا. ئەمەش نامۆ نییە بە مێژووی پێشمەرگە و خوێنی سەدان پێشمەرگەی عەرەب، مەسیحی، ئێزدى و تورکمان لەناو داستانەکانی پێشمەرگەدا كه به خوێنی خۆیان نووسیویانه.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ناکۆکییە سیاسییەکان و كاریگه‌رییه‌كانى به‌سه‌ر بارودۆخى كوردستانه‌وه، ئێمە وەک ئەرکی یاسایی‌ی خۆمان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر هەوڵمان داوە و هەوڵ دەدەین. بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە و ده‌یكه‌ین. بە خۆشحالییەوە دەڵێم ئێستا زەمینەیەک هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمی نواندن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر، شەڕی ڕاگەیاندنیش هه‌ندێك كه‌م بووه‌ته‌وه.
لە ڕاستیدا ئێمە ناکۆکیی زۆر گەورەی ئەوتۆمان نییه کە چارەسەر نەکرێن، بەڵام هەندێجار بەربەستی دەروونی بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتر دروست دەکەین. ئەم دۆخە زۆر جار لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروست دەبێت كه به ڕاستی جێی نیگه‌رانیی هه‌موو گه‌لی كوردستانه. لە ڕابردوودا هەروامان کردووە، ئێستاش هەر دەبێ وا بکەین کە پێویستە حکوومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەکرێنە گۆڕەپانی ململانێی حزبی.
دەبێ هەمیشە دوور بن لەو ململانێیە. داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ هه‌موو فەرمانبەران و هه‌موو خەڵکی هەرێمی کوردستانە. لە هەمان کاتدا دەبێ بڕیارەکانی حکوومەت و هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، به لێكگه‌یشتن بن، لە هەموو ناوچەکانیش وەک یەک جێبەجێ بکرێن.
بە داخەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆر جار هەست بە بێئومێدی و ڕەشبینیی خەڵکی کوردستان دەکەم. ئەمە زۆر ئازاربەخشە، بەڵام من خۆم هەمیشە گەشبینم، چونکە زۆر باوەڕم بە وشیاریی گەلی کوردستان هەیە. شوکور وشیارە خەڵکی کوردستان. ئەم دڵتەنگییەی خەڵکیش لە ناکۆکیی نێوان حزبەکان، نیشانەیەکی دیاری وشیاریی خەڵکی کوردستانە.
زۆرجار گوێم لە ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە دەبێت، زۆر نیشتمانیانە کێشەکان، تەنانەت چارەسەرەکانیش دەخەنە ڕوو، لەبەرئەوە باوەڕم زیاتر دەبێت کە پێشمەرگە دەتوانێت بەردەوام جێگەی خۆشەویستیی گەلی کوردستان و جیهان بێت، ئەگەر بە باشی ڕێکبخرێت و یەکبخرێت و به ته‌واوه‌تی ده‌بێت خۆی دووربخاته‌وه له ململانێی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌ركی پێشمه‌رگه پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه كه به خوێنی سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه به‌ده‌ست هاتووه، پێشمه‌رگه ده‌بێت وه‌فاداری ئه‌و سوێنده بێت كه خواردوویه‌تی و دوور بێت له ململانێی سیاسی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و له نێوان حزبه‌كاندا.
هۆکارێکی ئەوەش کە ئێستا زۆر دڵخۆشم بە دەرچوونی ئەم دوو خولەی پێشمەرگە، ئەوەیە دەزانم ئه‌مانه بە ڕۆحێکی نیشتمانیانە و بەپێی زانستی پێشکەوتووی سەربازی، ڕاهێنراون. من دیسانه‌وه ده‌مه‌وێ پیرۆزبایی لە هه‌مووتان ده‌كه‌م، هەر بژین و هیواى ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم.
بژی كوردستان، بژی كورد و ئاوه‌دان بێ وڵات و ئێوه‌ش سه‌ركه‌وتوو بن.
زۆر سوپاس..




